جەبار یاوەر: نابێت هیچ حزبێک پێشمەرگەی هەبێت


ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەگەر دەوڵەتداری دەکرێت، نابێت هیچ حیزبێک پێشمەرگەی هەبێت.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، جەبار یاوەر ئەمیندرای گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت" ئەگەر ئێمە بمانەوێت دەوڵەتداری بکەین نابێت هیچ حزبێکی سیاسی هێزی چەکداری هەبێت، چونکە ئەو دەوڵەتانەی لەئێستادا گرفتاری جەنگی ناوخۆیین بەهۆی دابەشبوونی هیزە چەکدارەکانەوەیە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا یاوەر دەڵێت" پێویستە بە حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە و حزبە سیاسییەکانیش کار بۆ ئەوە بکەن، ئەو بیروبۆچونە بچەسپێنن هەر کەسێک کە چەک هەڵدەگرێت پارێزگاری حزب ناکات بەڵکو پارێزگاری لە وڵاتەکەی دەکات".

لە هەرێمی کوردستاندا نزیکی نیوملیۆن چەکدار، بە پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆرەوە هەیە، پێشمەرگە نزیکی ١٦٥ هەزار هەیە، ١٢٠ هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ یەکێتی و پارتین و ٤٥ هەزاریشی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکخراون. 



PM:07:29:16/01/2023