زانکۆی سلێمانی دەربارەی ڕاگرتنی دەوامی خوێندکاران روونکردنەوە دەدات

لە ڕاگەیەندراوێکدا زانکۆی سلێمانی رەتیدەکاتەوە دوو رۆژ پشوویان راگەیاندبێت و دەڵێت" دەوامی خوێندکاران ئاساییە". 

نوسینگەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە ھەندێک دەزگای راگەیاندن ھەواڵێکی ناراست بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە دوو رۆژ پشووی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی، ھەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە کە خوێندن و تاقیکردنەوە لە زانکۆی سلێمانی لە رۆژانی شەممە و دواتردا ئاساییە و بەردەوامە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە لە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی و ھەندێک گەڕەکی ئەو ناوچەدا لە ئەنجامی شکاندنی بۆری ئاو بەھۆی کارکردن لە یەکتربری باخی بەختیاریدا گرفتی ئاو دروست بوو بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی قلیاسان و کۆلێجەکانی کەمپی نوێ، بەوھۆیە ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە تاقیکردنەوەی ئەو کۆلێجانەی ناو کەمپی نوێ تەنھا بۆ رۆژی پێنجشەممە بریارێکیدا و جێبەجێکرا. 

دەشڵێت" ئێستا بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بەردەوامە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەدا کە لەو شەقامەدا دروستبووە". 


PM:08:10:16/02/2023