جەبار یاوەر: یەکگرتنەوەی پێشمەرگە شتێکی نوێ نییە و بە مانای یەکخستنی هێزەکان نایەت

ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" دروستکردنی دوو فیرقەی هێزەکانی پێشمەرگە بە مانای یەکخستنی هێزەکان نایەت و شتێکی نوێ نییە". 

جەبار یاوەر لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند" فیرقەی یەک کە بارەگاکەی لە هەولێرە هەر لە سەرۆک فیرقە و فەرماندە و جێگر و سەرۆک ئەرکان و هەواڵگیری و ژمێریاری و ئەفسەری روکن و حسابات و مەشقەوە هەر هەمووی لە هێزی هەشتای پارتیە، فیرقەی دوو ئەوەی سنوری سلێمانیش هەر هەمووی یەکێتیە، هەنگاوەکەی دوێنێش بریتی نەبوو لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڵکو دروستکردنی دوو فیرقە بوو". 

سەبارەت بە وردەکاری زیاتر لەسەر ئەو فیرقانە، جەبار یاوەر، کە لە ساڵانی شەری داعش لەسەر پشکی یەکێتی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بوو ڕایگەیاند" لەناو وەزارەتی پێشمەرگە کۆمەڵێک لیوا هەن ئەو لیوایانە کۆدەکرێنەوە و سەرکردایەتیان بۆ دروست دەکرێت، واتا شتێکی نوێ نییە تەنها دروستکردنی پێکهاتەیەکی نوێیە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمەی ئێستا هەنگاوی یەکەمە کە هاتوون دوو فیرقەیان دروستکردووە و هەر فیرقەیەکیش لە سێ تا پێنج لیوا پێکهاتووە". 

وتیشی" مەسەلەکە پەیوەندی بە دروستکردنی فیرقە و لیوا و یەکخستن و ژمارەوە نییە، بەڵکو مەسەلەکە گۆڕینی بیرکردنەوەی ئەو هێزە چەکدارانەیە، هەزار جار هێز بگۆڕن و فیرقە دروست بکەن و لیوا یەکبخەن تا بیرکردنەوەی ئەو خەڵکەی کە چەکی هەڵگرتووە نەگۆڕێت ئەو یەکخستنە هیچ مانایەکی نامێنیت، هێزەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هەموو ئاستەکاندا هێشتا بیرکردنەوەی حزبیان هەیە. ئەوە گرنگە کە چۆن بتوانرێت بیرکردنەوەیان بۆ بیرکردنەوەی نشتیمانی بگۆڕدرێت". 


PM:10:01:05/04/2023