کەشناسی هەرێم: باران بارین لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوام دەبێت

کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێشبینییەکانی کەشوهەوای (٤٨) کاتژمێری داهاتووی ناوچە جیاجیاکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و ئاسمانی ناوچەكان هەوری تەواو دەبێت". 

بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە باران بارین لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوامى دەبێت کە بارانی بەلێزمە و هەورە تریشقەى لەگەڵ دەبێت، بەڵام لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک و بەشێک لە ئیدارەى ڕاپەڕین ماوەى دابارینى تا کاتەکانى دواىنیوەڕۆ و ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێوەى ڵێزمە باران و تاوە بارانى بەهێز دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى کەرکوک بارانى بە ڵێزمە و بەهێز دەبێت، بەڵام زۆرترین بڕی بارانى پێشبینیکراو لە شەودا لەسەر ناوچەکانى (بەرزنجە، پێنجوێن، قەرەداغ، دەربەندیخان، ئیدارەى گەرمیان، کەلار و کفرى) دەبێت، بە گشتى ئەمڕۆ خێراى با لە کاتەکانى دواىنیوەڕۆ چالاک دەبێتەوە بۆ سەرووى (٤٠)کم لە هەر کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەشی ڕووەو باشووری خۆرهەڵات دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما بە نزیکەى دوو تا سێ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە و مەوداى بینین لە نێوان (٧ – ٩)کم دەبێت، بەڵام لەشوێنەکانی دابارین کەمتر دەبێت بۆ (٦ - ٧)کم. 
 
کەشناسی هەرێم دەربارەی کەشوهەوای سبەینێ پێنج شەممە ئاماژە بەوەدەکات، بەگشتی شەپۆلى باران بارین لاواز دەبێت لەسەر ناوچەکەمان ناوە ناوە باران بارینى مامناوەند و هەندێ کات لێزمە باران دەبێت بە تایبەتی لەسەر ناوچە شاخاوییەکان ئاستى دابارین زیاترە و هەندێ کات ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، بەهۆی نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما ئەگەرى تەزرە بارین هەیە، پلەکانی گەرماش سێ تا چوار پلە نزمدەبنەوە و خێراى با (١٠ - ٢٥)کم و ئاراستەکەشی گۆڕاو دەبێت، مەوداى بینین لە نێوان (٧ - ٩)کمە. 


AM:10:56:12/04/2023