قوتابخانەی ئەو كچەی دەوترێت "مامۆستاكەی دەستدرێژی سێكسی" كردۆتە سەری روونكردنەوە دەدەن


قوتابخانەی دانێڵ میترانی فەرەنسی لە هەولێر سەبارەت بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی مامۆستایەكی قوتابخانەكە بۆ سەر قوتابییەكی حەوت ساڵان روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنن "لەگەڵ پێشكەشكردنی سكاڵاكە، مامۆستا تۆمەتبارەكە لەلایەن قوتابخانەكەوە دەستبەجێ لە كارەكەی دوورخرایەوە. مامۆستاكە دەستگیركراوە و لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە".

قوتابخانەی دانێڵ میترانی فەرەنسی رایگەیاندووە "تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵێك لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە، لەگەڵ پێشكەشكردنی سكاڵاكە، مامۆستا تۆمەتبارەكە لەلایەن قوتابخانەكەوە دەستبەجێ لە كارەكەی دوورخرایەوە و مامۆستاكە دەستگیركراوە و لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "قوتابخانەكە لەگەڵ پۆلیس كە لێكۆڵینەوە دەكات لە هاوئاهەنگیدایە و بە تەواوی بەشداری لە لێكۆڵینەوەكەدا دەكات. قوتابخانەكە بەرنامەیەكی پەروەردەیی و هۆشیاریی تۆكمەی بۆ قوتابیان هەیە بۆ ئەوەی منداڵان هەر رەفتارێكی ناشیاو بناسنەوە و سكاڵای لەبارەوە بكەن. هیچ مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ منداڵان لە قوتابخانەی فەرەنسی دانیێل میترانی هەولێر قبوڵ ناكرێت". 
 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "قوتابخانەكە هەموو شتێك دەكات بۆ زامنكردنی سەلامەتی و تەندروستیی قوتابیان، لەنێویاندا لە رێگەی یارمەتیدانی منداڵە پەیوەندیدارەكە. قوتابخانەكە بە تەواوی رێز لە پڕۆسەی لێكۆڵینەوەی یاسایی دەگرێت كە پۆلیس و دەزگا دادوەرییەكان سەرپەرشتی دەكەن".



PM:11:06:19/04/2023