دەزگای ئاسایشی هەرێم: بکوژی خواناس هۆکارەکەی بۆ جیاوازی بیروڕای ئاینی گەڕاندەوە


دەزگای ئاسایشی هەرێم رایەگەیاند " ئەو تۆمەتبارەی خواناسی کووشتووە هۆکارەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ جیاوازی بیروڕای ئاینی".
لە راگەیاندنێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە " سەبارەت بە هۆکاری کوشتنەکەی، تۆمەتبار هۆکاری کوشتنەکەی بۆ جیاوازی بیروڕای ئاینی گەڕاندەوە ، دانیناوە بەوەی کە چەندجارێک گفتوگۆیان کردووە و لێکتێنەگەیشتن ڕویداوە ".


 ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی بکوژی گەنجەکەی چەمچەماڵ ڕادەگەیەنێت 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش بکوژی هاوڵاتی ( خواناس وریا نازم ) لە سنوری قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکرد . 

ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٣/٦/٢٢ لەناو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ کەسێک بەناوی ( خواناس وریا نازم گلی )، لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت و دواتر تەقەکەرەکە هەڵدێت.

دەستبەجێ دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر بۆ دەستگیرکردنی کەسی تەقەکەر سەرجەم هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوا ، هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش ڕاسپێردران بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار .

سەرئەنجام بە هەوڵ و ماندوبوون و لێهاتووی هێزەکانی ئاسایش، جێگە و شوێنی مانەوەی تۆمەتبارەکە دیاریکراو، دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر لەلایەن هێزەکانمان تۆمەتبارەکە لە سنوری قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکرا.

تۆمەتبارەکە ناوی ( ه ، ک ، ح ) لەدایکبووی ١٩٩٥ دانیشتووی چەمچەماڵ . 

سەبارەت بە هۆکاری کوشتنەکەی، تۆمەتبار هۆکاری کوشتنەکەی بۆ جیاوازی بیروڕای ئاینی گەڕاندەوە ، دانیناوە بەوەی کە چەندجارێک گفتوگۆیان کردووە و لێکتێنەگەیشتن ڕویداوە .

لە ئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی ٤٠٦ بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە .



PM:11:07:23/06/2023