مەسرور بارزانی ژمارەیەك پڕۆژە بۆ شاری كفری جێبەجێ دەكات


بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری كفری جێبەجێ دەكرێن لە دیارترینیان دابینكردنی 300 ملیۆن دینارە بۆ نۆژەنكردنەوەی 13 قوتابخانە لە سنوورەكە.
 
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر ژمارەیەك پڕۆژە داوە كە لەنێویاندا چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی قەزاكە و كێشەی تەندروستی شارەكە هەیە، پڕۆژەكان بەشێوەی كاش پارەیان بۆ خەرج دەكرێت".

جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە دوای ئەنجامدانی خۆپیشاندان و مانگرتنی چەند رۆژی رابردووی ژمارەیەك خەڵكی شاری كفری دێت بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری.
 
پڕۆژەكانیش ئەمانەن: 

- دابینكردنی 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی 13 قوتابخانە لە كفری
 
- 296 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگە تەرخان دەكرێت
 
- 24 تیپی میلـلی تەواوی پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكرێت
 
- سێ ئەمبوڵانس پارەیان بۆ تەرخان كراوە و رەوانەی كفری دەكرێن
 
- 5 بیری ئاوی خواردنەوە لە شارەكەدا لێدەدرێن كە بۆ هەریەكێك لە بیرەكان 80 ملیۆن دینار تەرخانكراوە
 
- مۆڵەت بە ژمارەیەك پڕۆژە دەدرێت كە یەكێك لەوانە كارگەی گەچە
 
- چەند پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان هەن و هەموو كارەكانیان بە خێرایی لە ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ دەكرێن.
 



PM:08:51:18/07/2023