حكومەتی هەرێم: هەفتەی داهاتوو نەوت رادەستی بەغدا دەكەین


شاندی هەرێم لە بەغدا رایدەگەیەنێت، لە هەفتەی داهاتووەوە و نەوت رادەستی حكومەتی ناوەندی عێراق دەكەن و رۆژی یەكشەممەش دوایین بڕیار لەسەر شایستەی دارایی هەرێم و موچەی فەرمانبەران دەدرێت.

د.ئومێد سەباح، سەرۆكی شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند "ماوەی پێنج رۆژە لە بەغدان و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق لە بارەی جێبەجێكردنی یاسای بودجە گفتوگۆیان كردووە و كۆبوونەتەوە".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "ئامادەیمان دەربڕیوە تاوەكو پابەند بین بە سەرجەم یاساكانی دەستووری عێراق و لە هەفتەی داهاتووەوە پابەندی ئەو رێنماییانە دەبین كە لە بڕگەكانی پەیوەست بە پشكی هەرێم لە بودجە دیاری كراوە".

هەروەها وتویەتی "لە یاسای بودجە هاتووە كە دەبێت هەرێم نەوت رادەستی حكومەتی بەغدا بكات و لە رێكەوتی ٢٥ی حوزەیرانەوە رۆژانە ٥٠ بۆ ٦٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا كراوە و لە ماوەی رابردوو رێژەكە بەرزدەكرێتەوە".


ئومێد سەباح وتیشی "لە بارەی رادەستكردنی داهاتی نانەوتی حكومەتی ناوەندیمان ئاگاداركردووەتەوە كە لە هەفتەی داهاتووەوە حكومەتی هەرێم ئامادە دەبێت سەرجەم داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بكات".

هەروەها دەڵێت "داوامان لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق كردووە لە هەفتەی داهاتوو دەست بە كاری وردبینی بكرێت و لە ئەمساڵدا لە رێكەوتی ٢٦ی حوزەیرانەوە دەبێت هەموو شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە بنێردێت".



PM:08:16:20/07/2023