عەلی تەتەر: بە فەرمانی مەسرور بارزانی ئومێد بەرۆشکی ئازاد کرا

پارێزگاری دهۆک بەبێ دەستنیشانکردنی ئەو لایەنەی ئومێد بەرۆشکی دەستگیرکردووە، رایگەیاند " بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئازاد کراوە".
 
لە راگەیاندنێکدا عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک رایگەیاند " دوای ئەوەی ئومێد بەرۆشکی لەسەر هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە کارەکەی خۆی لە دهۆک دەستبەسەر کرا، ئەمڕۆ هەینی لەسەر فەرمانی بەڕێز مەسرور بارزانی ئازاد کرا".
 
ئومێد بەرۆشکی شەوی رابردوو لە دهۆک رفێندرابوو، زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لەسەر قسەکانی دوای حکومدانی شێروان شێروانی رۆژنامەنووس رفێندرابوو، پاش مانەوەی بۆ ماوەی شەو و رۆژێک، پارێزگار راگەیاند کە لەلای ئەوان دەستگیرکراوەو بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراوە ) ئازاد کراوە. 

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان ( CPJ) ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند" پێویستە دەسەڵاتدارانی کورد لە عێراق دەستبەجێ شوێنی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی ئاشکرا بکەن، وە دڵنیاببنەوە لەوەی ڕۆژنامەنووسان لەسەر کارەکانیان دەستگیر نەکرێن".
  
ئومێد بەرۆشکی رۆژی ١٩ـی ئابی ٢٠٢٠، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان دەستگیر کراو رۆژی ٢٠٢١/٦/٢٢دادگەی کەتنی دهۆک بڕیاری ساڵێک زیندانیکردنی بۆ دەرکردو، دوای مانەوەی ساڵێک و حەوت مانگ لە زیندان، ئازاد کرا.



PM:08:46:21/07/2023