بەڕێوەبەری پێشوی ئاژانسی پاراستن" بارودۆخی کوردستان باش نییە کێشەکان لە زیادبوندایە"

بەڕێوەبەری پێشوی ئاژانسی پاراستن نەزهەت حالی، نوسینێک لە واڵی خۆی بڵاو دەکاتەوەو دەڵێت:"هەرێمی کوردستان داخەوە لە ئێستادا بەرەو پوکانەوەی ناوخۆیی دەچێت، بە تایبەتی لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە ،سیاسەتمەدارە بڕیار بەدەستەکانیش خۆیان لە قەرەی دانپێدانان بەو ڕاستییە مەترسیدارە نادەن. هەر بۆیەش ناتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە".

ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٣، نەزهەت حالی 
بەڕێوەبەری پێشوی ئاژانسی پاراستن ئاماژەی بەوە داوە،بە داخەوە وەکو تێبینی دەکرێت بۆ چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکان ، زۆربەی سیاسەتوانان زیاتر لەهەر کەناڵ و ڕێگایەکی دیکە پشت بە ئامرازی میدیا و سۆشیال میدیا دەبەستن . لەکاتێکدا ئەم مینبەرانە نەک هەر نەیانتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکەن بەلکو قولتریان کردۆتەوە.
 


 دەقی بڵاوکراوکەی نەزهەت حالی:

دیتن و بیستنی ڕاستییەکان ئازایەتی و مەردایەتی گەرەکە
نەزهەت حالی
بارودۆخی هەنوکەیی عیراق و هەرێمی کوردستان 
لە چەندین رووەوە  باش نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشە و گرفتەکان لە هەڵکشانن .
دیارە ئێمە بارودۆخی هەرێمی کوردستانمان زیاتر لا مەبەستە کە بە داخەوە لە ئێستادا بەرەو پوکانەوەی ناوخۆیی دەچێت، بە تایبەتی لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە ،سیاسەتمەدارە بڕیار بەدەستەکانیش خۆیان لە قەرەی دانپێدانان بەو ڕاستییە مەترسیدارە نادەن. هەر بۆیەش ناتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. 
هەروەها بڵاو بەنەوەی پەتای تەمەلوق و پێدا هەلگوتنی ناڕاست و بێ مانا سەری نەک تەنیا لە سیاسەتوانان بەڵکو لە خەلکیش شێواندووە.
لە ئێستادا  پێوەری لێ هاتوویی و کارامەیی و دلسۆزی بووەتە زۆرترین و خەستترین ماستاو کردن، عەرەب گوتەنی (تملق لتتسلق) بووەتە هونەر و ڕێگای وەرگرتنی پۆست و امتیازات، کە بلاو بونەوەی ئەو پەتایە و  بە دیاردە بوونی و زۆری ماستاوچییەکان ، مەترسییە لەسەر کۆمەلگا و سیستەمی سیاسیمان . لەبەر ئەوەی ئەم گرووپە لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی تەنیا بۆ  بەرژەوەندی خۆیان هەوڵدەدەن و باکیان بە ئایەندەی وڵات و تەنانەت خودی ئەو بەرپرسەش نیە کە لە تەمەلوق کردن بۆی ریکۆردیان شکاندووە و لە فەرهەنگی ئەواندا قیەمی وەفا و ولا‌و  بوونی  نییە .
دەبوایە لە ئێستادا  کاری هەرە لە پێشینەی سیاسەتمەدارە بڕیار بە دەستەکان ، ئاشتکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان لە گەڵ یەکتری و چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکان بوایە، بۆ ئەوەی بۆ پالپشتی کردن لە حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکان لە بەرانبەر بەغدا،  بەرەیەکی نیشتمانی یەکگرتوومان هەبوایە. سەرکردەکان دەبێت ئەو ڕاستییەیان لەبەر چاو بێت ئەو کارە باشانەی ئەمڕۆ دەتوانن ئەنجامی بدەن ، ڕەنگە بەیانی و لە ئایەندەدا ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسێت.
بە داخەوە وەکو تێبینی دەکرێت بۆ چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکان ، زۆربەی سیاسەتوانان زیاتر لەهەر کەناڵ و ڕێگایەکی دیکە پشت بە ئامرازی میدیا و سۆشیال میدیا دەبەستن . لەکاتێکدا ئەم مینبەرانە نەک هەر نەیانتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکەن بەلکو قولتریان کردۆتەوە.
وێڕای لایەنی ئەرێنی کەناڵی میدیایی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەگشتی ،ئەم سەکۆیانە دەرفەتن بۆ ماستاو چییەکان هەر کات بیانەوێت و چەندی دوریش بن خۆیان بخزێننە ناویان،بە پێچەوانەی قۆناغی ڕابردوو ، كه پێدا هەڵدان و  تەمەلوق ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوو دەکرا. 
دیارە ئەو دیاردە ناشرین و پەتا وێرانکەرە ، دیاردەیەکی تازە نیەو ماستاو چییەکان لەدێرزەمانەوە بەدەوری دەسەڵاتداران دەخولێنەوە  .
بۆنموونە ماکیاڤیلی لە کتێبی ( میر ) ئامۆژگاری میر دەکات کە خۆی لە ماستاوچییەکان بپارێزێت.
هەروەها دەگێڕنەوە کە لە سەردەمی  لویسی  چواردەدا دارودەستەی پاشای فەرەنسا لە دەوروو بەری کۆ دەبونەوە و دەستیان دەکرد بەمەدح وسەنای خاوەن شکۆ ، جارێک پاشا پرسیار لە یەکێک لە ئامادە بووان دەکات کە هاوسەرەکەی دوو گیان بووە و دەپرسێت : کەی هاوسەرەکەت منداڵی دەبیت، ئەویش لەوەڵامدا وتویەتی :کەی خاوەن شکۆ بیەوێت منداڵی دەبێت. 
دیارە وێڕای مەترسی پەتای تەمەلوق، تەنیا گوتنی راستییەکان ئازایەتی ودلسۆزی ناخوازێت، بیستن و بینینی ڕاستییەکانیش  لە لایەن دەسەلاتداران مەردایەتی و  بوێری گەرەکە.  زۆر جار دەسەلاتداران لە ناو کۆشک وتەلارەکانیان بە هەلپەرست و موتمەلقەکان دەور دەدەرێن و هالەیەک و دونیایەکی ناڕاستیان بۆ دروست دەکەن کە دلخوازی دەسەلاتدارانە، بیستنی ڕاستییەکان ئەو هالەیە لە ناو دەبات، وێنەی جیهانە جوان  و خوازراوەکەی خەیاڵیان دەشێوێنێ ، ڕاستییەکان بە هەمو دیوە خوار و پڕ لە گرفت و کەموکوڕییەکان  بە دیار دەخات . هەر بۆیەش بیستن وبینینی ڕاستییەکان ئازایەتی زیاتری پێویستە.  ئەرکی دەسەلاتدارە کە ئازایەتی لە بڕیاردانی دروست و کرداری ڕاستەقینەی هەبێت، تەنانەت  ئەگەر پێویست بکات لە خۆی و لە ئازیزەکانی دەست پێ بکات.  بۆیە جەخت لەو ڕاستیە دەکەینەوە لە هەموو بارودۆخیکدا هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لە ئازایەتی بیستن وبینینی ڕاستییەکانە، پاشان لە دان نانه بە هەلەکان .



PM:08:36:29/07/2023