زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دواین زانیارییەکان لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت" چاوەڕواندەکرێت لە ١٨ی ئەم مانگەوە مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێم بکرێت". 

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی گرفتی دابەشکردنی مووچە بە کەناڵی كوردسات نیوزی راگەیاندووە" لە ئێستادا هیچ ڕێکارێکی یاسایی و دارایی لە بەردەم هۆکاری خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان نەماوە، چونکە هەرێم پابەندی خۆی ڕاگەیاندووە و سەبارەت بە داهاتە نەوتییەکان تائێستاش گفتوگۆکان بەردەوامە و لیژنەی پەیوەندیدار بۆ پاکتاوی دارایی بەردەوامە لە کارەکانی خۆی و ڕێنمایی بودجەش دەرکراوە ئەوەشی کە ماوەتەوە پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵەوە هەیە کە تەواو دەسەڵاتی هەیە پشکی هەرێم بنێرێت". 

نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پاكتاوی دارایی تا ئێستا تەواو نەكرابێت، بۆ ئەم مانگە تەواوی شایستە داراییەكان بۆ هەرێم دەبێت بنێردرێت. 

لەبارەی دابەشكردنی موچەوە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەکرد، لە ڕۆژی ١٨ی هەموو مانگێك و لە ماوەی هەفتەیەكدا مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دابەشدەكرێت، چاوەڕواندەكەین لەو وادەیەوە پشكی هەرێمی كوردستان بنێردرێت.


PM:01:07:15/08/2023