بارزانی لە (ئامێدی)ەوە داوایەك لە حكومەت و حیزبەكان دەكات


مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت  "پێویستە حكومەت و حزب خزمەتكاری میللەتەكەیان بن".

ئەمڕۆ شەممە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەزای ئامێدی لەگەڵ بەشێكی زۆری ئەندامانی حیزبەكەی كۆبووەوە، بەپێی راگەیەندراوی بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا "بارزانی باسی ئەوەی كردووە بۆ گوێگرتن لە ڕاوبۆچوون و داواكاریی و كێشەكانی خەڵك، چووەتە دەڤەرەكە".

بارزانی وتویەتی "پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حزبەكان خزمەتكاری میللەتەكەیان بن و لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی خۆیان داوە و دەدەن تاكو دەستی ئاوەدانی و خزمەتكردنی زیاتر بگاتە دەڤەرەی ئامێدی".

بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "هەندێك گرفت بەهۆی بارودۆخی ئەمنی لە دەڤەری ئامێدی هەن، چونكە هەندێك شوێن و گوندی ئەم دەڤەرە بە هۆكاری ئەمنی نەتوانراوە دەستی خزمەتكردنی پێ بگات و ئەوەش بووەتە مایەی كەمبوونەوەی دەرفەتی كار لە سنورەكەدا و لاوازیی كەرتی تایبەت". 



PM:02:32:19/08/2023