حكومەتی هەرێم: ئیرادەیەك لە دەرەوەی حكومەتی عێراق كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی حكومەت هەیە


وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت "سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوكارە بۆ ئەوەی چارەسەری پرسی مووچە بكرێت، بەڵام ئیرادەیەك هەیە لە دەرەوەی حكومەت كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی حكومەت هەیە".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ میدیای نزیك لە پارتی سەبارەت بە كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی تەموزی فەرمانبەران رایگەیاندوە "نابێت بابەتی مووچە تێكەڵی پرسی سیاسی بكرێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوكارە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو پرسە بكرێت، بەڵام ئیرادەیەك هەیە لە دەرەوەی حكومەت كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی حكومەت هەیە".

ناوبراو وتویەتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی بەرامبەر بە حكومەتی عێراق جێبەجێ كردووە، دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەفتەیەك هاتنە هەرێمی كوردستان وردبینی تەواویان بۆ داتاكانی هەرێمی كوردستان كردووە، هەروەها شاندەكانی ئێمە كە چوونەتە بەغدا رێككەوتنیان كردووە، ئەوەی پێویست بووبێت لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێی كراوە، هاوكات ئێمە داوامانكردوە چارەنووسی میللەتێك نەكرێتە قوربانی كێشە سیاسییەكان، ئێستا لەو رۆژەدایەن دەبوو بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت، بەڵام تا ئێستا نەیناردووە".



PM:07:42:24/08/2023