حكومەتی هەرێم: دابەشكردنی مووچە تەنها لەڕێگەی دامەزراوەكانی هەرێم دەبێت


حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران تەنها لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم دەبێت.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، لەلایەن عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، دوا هەنگاو و بەرەوپێشچوونەكانی كاری وردبینكردنی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم خرایەڕوو، كە ماوەی هەفتەیەكە دەست بەكاربوون، ئەم هەنگاوەش، دەستپێشخەری شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بوو بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران لە دوا سەردانی بۆ بەغدا.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "سەرۆك وەزیران دووپاتیكردەوە "حكومەتی هەرێم پێشتر هەموو داتا و زانیارییەكانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر ڕوون و شەفاف و تۆماركراو لە سیستەمێكی ئەلیكترۆنی پێشكەوتووی بایۆمەتریی، پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ كردووە و بەردەوامیشە لەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتەكانی هاتوو لە دەستووردا و بە گوێرەی پێداویستییەكانی سیستەمی فیدراڵی لە بواری دارایی".
هەروەها دەڵێت "حكومەتی هەرێم درێغی ناكات لە هەوڵەكانی لەم بارەیەوە و بە ئەركی لەپێشینەی دەستووریی و قانونیی خۆی دەزانێت، لەبەرانبەردا ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە كە پابەندیی دەستووریی خۆی جێبەجێ بكات، بە تایبەتیش كە زانیاریی تەواو لەسەر ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەكانیان و ئەو یاسا و ڕێنماییانەی كە پەیوەندیدارن هەیە و لە هەمانكاتدا لە ناو خشتەكانی بودجەی فیدڕاڵیشدا بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانكراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تا شایستەكانی هەرێم ڕابگرن. بۆیە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم، وەك هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاكانی عێراق، مانگانە بێ هیچ كێشە و ئاستەنگێك، مووچەكانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم وەربگرن".

سەبارەت بە ڕێكار و هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهان و دواپەرەسەندنەكانی ئەم بابەتە لە نێوان عێراق و توركیا و ئامادەكارییەكانی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان كە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە وەكالەت، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا خرایەڕوو، كە تێیدا ئاماژە بەوە كرا هەرێمی كوردستان لە دوای جێبەجێكردنی یاسای بودجە لە 6/25 ی ئەمساڵەوە، پابەندیی خۆی بە ڕادەستكردنی نەوتی ڕۆژانەی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كردووە بەو بڕە نەوتەی داوایان كردووە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، بەبێ ئەوەی حكومەتی فیدراڵ خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە خەرج بكات. ئەمەش نیازپاكیی هەرێم پیشان دەدات.




PM:06:55:11/10/2023