وادەی دابەشکردنی نەوت لەناو شار ڕاگەیەندرا

بڕیارە لە ناوەڕاستى مانگى (١٢)ی ئەمساڵدا دەست بە دابەشکردنى نەوتی سپی ماڵان لەناو شارەکانی هەرێم دەستپێبکات. 

سەلام عومەر لێپرسراوى بەشى پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى سلێمانى، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکدا بە میدیای گۆڕانی راگەیاندووە" رۆژى ٩ی ئۆکتۆبەر دابەشکردنى نەوتى سپى ماڵان لە قەزاى پێنجوێنەوە دەستیپێکرد و سێ هەزار و ٧٠٠ ماڵ لەو سنورە نەوت وەردەگرن". 

وتیشی" هەر کۆبۆنێکى خۆراک بڕى ٢٠٠ لیتر نەوتى پێدەدرێت لە بەرامبەردا ١٠٤ هەزار دینارى لێوەردەگیرێت کە ١٠٠ هەزار نرخى دیاریکراوە و سێ هەزار دینار بۆ گواستنەوە و هەزار دیناریش بۆ کارتى زیرەک". 

ئاماژەی بەوەشکرد، سلێمانى پێویستى بە زیاتر لە ١١٠ ملیۆن لیتر نەوت هەیە تا هەمووان سودمەندبن، بەڵام رۆژانە پێنج بۆ ١٥ تانکەر نەوت دێت بۆ دابەشکردنى، لەکاتێکدا دەتوانن رۆژانە دوو ملیۆن لیتر نەوت دابەشبکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، دواى تەواوکردنى دابەشکردنى نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان، دواتر پڕۆسەکە لە قەزا و ناحییەکان دەستپێدەکات و دواتریش لەناو شار کە پێدەچێت لە ناوەڕاستى مانگى کانوونى یەکەم دابەشکردنى نەوت لەناو شارەکان دەستپێبکات.


PM:01:36:12/10/2023