به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی دژه‌تیرۆر لەبارەی دەنگۆی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئه‌و بابه‌ته هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزه‌كانی دژه تیرۆره‌وه نییە".
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی دژه‌تیرۆر، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ له ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه" دوێنێ كه‌سێك كه خۆی وه‌ك ڕۆژنامه‌نووس و فه‌رمانبه‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕۆشنبیری سلێمانی ناساندوه، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا باسی له‌وه كردوه كه مانگی پێشوو له چه‌مچه‌ماڵ ده‌ستگیركراوه و دواتر گواستراوه‌ته‌وه بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی دژه‌تیرۆر و له‌وێ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه".
دەشڵێت" بۆ هه‌موانی ڕونده‌كه‌ینه‌وه ئه‌و كه‌سه به هیچ جۆرێك له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆر ده‌ستگیرنه‌كراوه و ده‌ستگیركردن و لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا په‌یوه‌ندی به به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی دژه‌تیرۆره‌وه نییه".
دوێنێ ئازاد بایز ڕۆژنامه‌نوس له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، لە رۆژی ١٠ی مانگی رابردووە له ناو بازاڕی چه‌مچه‌ماڵ لە لایەن هێزێكی دژه تیرۆرەوە ده‌ستگیرکراوە، دوای زیاتر له مانگێك ئازادكراوه.