حكومەتی هەرێم: ساڵانە زیاتر لە سێ‌ هەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێنرێت

حكومەتی هەرێـمی كوردستان رایدەگەیەنێت، "بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی ماسی زیاتر لە سێ هەزار تۆنە و ئێستا گەورەترین پرۆژەی ماسی لە پارێزگای دهۆكە".

ئەمڕۆ چوار شەممە ١٥ی تشرینی ٢٠٢٣، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە،" لە هەرێمی كوردستان، ٤١٢ پرۆژەی مۆڵەتپێدراو هەن كە گۆشتی ماسی بەرهەم دێنن، چوار پرۆژەی حكومییش بۆ بەرهەمهێنانی پەنجەماسی هەن، ئەو پرۆژانە زیاتر لە سێ هەزار هەلیكاریان بۆ دەستی كاری ناوخۆیی ڕەخساندووە كە سەرمایەی پرۆژەكان زیاتر لە ٣٠ ملیار دینارە".

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرهەمی ماسی لە هەرێمی كوردستان ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ تۆن ماسییە؛ هەرێمی كوردستان پێویستیی بە نزیكەی ٨٠ هەزار تۆن ماسییە لە ساڵێكدا، تا بگاتە ئاستی خۆبژێوی.


PM:03:30:15/11/2023