کەشناسی: شەپۆلێکى بەهێزى باران بارین و بەفر ڕوو لە هەرێم دەکات

کەشناسی هەرێم هۆشداری لەبارەی هاتنی شەپۆلێکى بەهێزى باران بارین لە ناوچە جیاجیاكان و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەكان دەدات و دەڵێت" له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كیش ئه‌گه‌ری‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ ئاو هه‌یه‌". 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی کوردستان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند" لە ئەنجامی کاریگەرى نزمە پاڵە پەستۆى دەریای سپى ناوەراست لەسەر هەرێم، پێشبینى دەکرێت کەوا رۆژى یەکشەممە باران بارین لەسەر تەواوى ناوچەکەمان بەشێوەى مام ناوەند دەستپێبکات ، لە کاتەکانی شەوى یەکشەممە لەسەر دووشەممە کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى ئاماژە پێکراو قوڵتر دەبێتەوە رێژەى دابارینەکە زیاد دەکات هەندێ جار هەورە تریشقەى لەگەڵ دادەبێت، خێرایی باش چاڵاک دەبێت بۆ سەروى (٣٥) کم، سەرەتا لە سنورى پارێزگاى دهۆک دەستپێدەکا، پاشان کاریگەریەکەى درێژدەبێتەوە بۆ سنورى پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و تەواوى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان". 

كەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لە بەرەبەیانى رۆژى دووشەممە لەگەڵ بەهێزبوون و چالاکبوونى کاریگەرى ئەم شەپۆلە، باران بارین بەشێوەى لێزمە باران دەبێت، ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستی ئاو هەیە لە هەندێك ناوچەى وەک (ئامێدى، چمانکێ، شێلادزێ، سەنتەرى پارێزگاى هەولێر، بەحرکە، خەبات، هیران، قوشتەپە، چەمچەماڵ، دەربەندیخان و مەیدان).

روونیشیكردەوە، لە پاشنیوەڕۆى هەمان رۆژ باران بارین مام ناوەند دەبێت و بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت و پلەکانى گەرما بەشێوەیەکى بەرچاو دادەبەزن کە لەنێوان (٥ – ٨) پلەى سیلیزى دەبن.

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا کەشناسی هەرێم پێشبینیش دەکات، کاریگەرى ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە تا ئێوارەى رۆژى سێشەممە بەردەوام دەبێت و باران بەشێوەى پچڕ پچڕ دەبێت.


PM:02:36:18/11/2023