شەپۆلێکی دیکەی باران بارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە ئەمڕۆشەوە پلەكانی گەرما بۆ خوار سفری سەدی دادەبەزن". 

محەمەد كەمال شارەزای كەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەگەر هەیە لە هەندێک ناوچە بەهۆی زۆری شێ و دابەزینی پەستانەوە دووبارە هەورەکان چڕ ببنەوە و باران ببارێت، ئەمڕۆش پێشبینی دەکرێت کە بارانی چڕ زیاتر ناوچەکانی سنوری ئیدارەی سۆران و باکوری دهۆک و ئیدارەی راپەڕین و باکوری ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوێن بگرێتەوە کە هەموویان ناوچەی شاخاوین". 

دەشڵێت" لە ئەمشەوەوە پێشبینی دابەزینی بارستە هەوایەکی سارد دەکرێت بۆ ناوچەکانی کوردستان بە گشتی و ناوچە شاخاوییە سنورییەکان بە تایبەتی کە لە بەرەبەیاندا پلەی گەرما دێتە خوار سفری سیلیزی، ئەگەریش هەیە لە پارێزگای سلێمانی و بەشێکی بازیان و شارباژێڕ و پێنجوێن پلەکانی گەرما لە سفری سلیزیدا بن یاخود بێنە خوار سفر". 

ئەوەشی خستەڕوو، دوا بە دوای ئەم شەپۆلە پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکەی باران بارین دەکرێت لە ماوەی (٢٦-٢٨)ی ئەم مانگەدا کە سەرچاوەکەی دەریای ناوەڕاستە.


AM:08:23:21/11/2023