پەروەردەکانی سلێمانی و حزب لە هەوڵدان مامۆستایان بگەڕێنەوە پۆلەکانی خوێندن، مامۆستایانی ناڕازی رەتیدەکەنەوە

هەردوو پەروەردەی رۆژهەلآت و رۆژئاواو و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رێگای رێکخراوەکانییەوە لە هەوڵدان بۆ دەستکردنەوە بە دەوامی قوتابخانەکان، بەلآم مامۆستایانی وانەبێژ رەتیدەکەنەوە.

بەپێی نوسراوێکی پەروەردەی رۆژهەلآت کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییە داوا لە باخچەو قوتابخانەکان دەکات کە سبەی یەک شەممە ٢٧ ی تشرینی دووەم دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی خوێندکاراندا بکەنەوە، هاوکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رێگای رێکخستنەکانیەوە ئاراستەی بەرێوەبەرەکان و یاریدەدەرەکانی دەکات کە زۆرینەی رەهایان یەکێتین، کۆتایی بە بایکۆت بهێنن.

بەرامبەر ئەم داوایەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکانی سلێمانی، بڕیارە سبەی مامۆستایانی ناڕازی جارێکی تر خۆپیشاندان ساز بکەن، ئەمەش پاش ئەو رێگرییە دێت کە ئەمڕۆ لە بازگەی چیمەنی نێوان سلێمانی و کەرکوک لەلایەن هێزە عێڕاقییەکانەوە رێگا لە نزیکەی هەزار مامۆستای ناڕازی گیرا کە سەردانی بەغدا بکەن و لە مەیدانی تەحریر خۆپیشاندان لە پێناو ماف و مووچەکانیاندا بکەن.

مانگی رابردوو وەزیری پەروەردەی هەرێم د. ئالان حەمە سەعید لە رۆژی ١٩ ی تشرینی یەکەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند "  رۆژی یەکشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەوام لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان دەستپێدەکاتەوە و دەبێت مامۆستایان و خوێندکاران بچنەوە ناوەندەکای خوێندن".

بەرامبەر ئەم راگەیاندنەی وەزیر، رۆژی ٢٢ ی تشرینی یەکەم لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەوز لەگەڵ بەردەوامی لەسەر بایکۆت، خۆپیشاندانی گەورەی مامۆستایان بەرێوەچوو، ئەم خۆپیشاندانە بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و یەکێتی یەوە پشتگیری کرا، بەتایبەتی ئەو دەمە کە پەیوەندیەکانی یەکێتی و پارتی ئاسایی نەبوو.

مامۆستایانی ناڕازی زیاتر لە دوو مانگە نیوە بەردەوامن لە بایکۆت، ئەمڕۆش رایانگەیاند کە سبەی دوو شەممە سەرلەنوێ دەست بەخۆپیشاندان دەکەنەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە هەولێر و دهۆک دەوام بەردەوامە، هاوکات هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچانەش ناهێڵن و رێگا نادەن مامۆستایان بایکۆت و خۆپیشاندان بکەن. 






PM:04:26:26/11/2023