ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە داوا دەکەن دەوام دەستپێبکرێتەوە.. مامۆستایان ناڕازی سورن لەسەر بایکۆتکردن


لە نوێترین پەرەسەندی ململانێی نێوان مامۆستایانی ناڕازی و حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ وەزیری پەروەردە بڕیاری پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و، بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراوی راگەیاند، دواتریش هەریەک لە پەروەردەکانی گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە داوادەکەن لە خوێندنگەکانی سنورەکانیان لە دوو رۆژی داهاتوودا دەستبکەنەوە بە دەوام، مامۆستایانی ناڕازیش سوورن لەسەر بایکۆتکردن و رایدەگەیەنن" سبەی دوو شەممە خۆپیشاندان سازدەکەن".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان لە نوسراوێکدا کە بۆ قوتابخانەکانی ناردووە، هاتووە" لە پێناو دوارۆژی منداڵەکانمان و بۆ بەفیڕۆنەچوونی ساڵێکی خوێندنیان، داوا لە ناوەندەکانی خوێندنی سنورەکەمان دەکەین لە ٩ی مانگەوە دەست بە دەوام بکەنەوە". 
هاوشێوەی ئەم نوسراوە هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە و راپەرین بەنوسراوی فەرمی کە بۆ قوتابخانەکانیان کردووە داوا لە مامۆستایان و خوێندکاران دەکەن دەستبکرێتەوە بە دەوام کردن تا ئەمساڵیان نەفەوتێت.

بەرامبەر ئەم داواکاریانە مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە سلێمانی " بێ بڕوایی خۆیان بەرامبەر بەڵێنەکانی حکومەت راگەیاند" و جەختیشیان لەسەر ئەوە کردەوە کە سبەی خۆپیشاندان دەکەن و بایکۆتی دەوامکردنیش بەردەوام دەبێت. 

ماوەی سێ مانگ و نیوە خوێندن لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و کۆیە راوەستاوە، چاودێرانی بواری پەروەردە ئەم هەفتەیە بە یەکلاییکەرەوە دەزانن بۆ دەوام دەستپێکردنەوە، یان لە کیسچوونی خوێندنی ئەمساڵ.



PM:03:17:07/01/2024