ڕاوێژکاری سودانی سەرکۆنەی هێرشه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپەیمانەکانی بۆسه‌ر یه‌مه‌ن دەکات

ڕاوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی لەسەر هێرشەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەکانی بۆسەر حووسییەكانی یەمەن دەڵێت" ئەو هێرشە پێشێلكردنی سەروەری خاكی یەمەنە و ئیدانەی دەكەین". 

فادی شەمەری ڕاوێژكاری سیاسی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردەوە" هێرشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆسەر حوسییەکانی یەمەن سەرکۆنە دەکەین". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژئاوا بازنەی ململانێ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە فراوانتر دەكات، لە كاتێكدا وڵاتان داوای كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە دەكەن.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هێزەکانی (ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا، دانیمارک، ئەڵمانیا، هۆڵەندا) ژماره‌یه‌ك پێگه‌ی حوسییه‌كانی یه‌مه‌نیان كردە ئامانج كه‌ وه‌ك خۆیان ئاماژەی پێدەکەن ئامانجی هێرشەکانیان" کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە بۆ دەریای ناوەڕاست".


PM:12:23:12/01/2024