سودانی:هەر جۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەر سەروەری عێراق ڕەتدەکەینەوە

سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند"هەر جۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەر سەروەری عێراق ڕەتدەکەینەوە و جەختیشی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕاوێژکارە بیانییەکان دەکات".

ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە کایسی ئۆلۆنگرین، وەزیری بەرگری هۆڵەندا کرد و تێیدا باسیان لەو دۆسێیانە کرد کە بڕیارە سودانی لە میانی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ هۆڵەندا تاوتوێان بکات.

سودانی ستایشی ڕۆڵی هۆڵەندای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆدا هاوکاری عێراقی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

سەبارەت بەو هێرشانەش کە لە وڵاتانی دراوسێوە دەکرێنە سەر عێراق، سودانی جەختیکردوە لەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەر خاك و سەروەریی عێراق ڕەتدەکاتەوە و دووپاتیشیکردەوە کە پابەندن بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەو ڕاوێژکارە بیانییانەی لە عێراقدا کاردەکەن.

سودانی ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ڕێکدەخاتەوە و دەیەوێت پەیوەندییەکان بباتە ئاستێکی دیکەی هاریکاری.


PM:03:31:22/01/2024