لەش فرۆشی لە عێراق لە ٧ تا ١٥ ساڵ زیندانیکردن حکوم دەدرێت


ئەمڕۆ شەممە ٢٨ ی نیسان پەرلەمانی عێراق ئەو پڕۆژە یاسایەی تێپەڕاند کە مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو، ئەویش پرۆژە یاسای لەشفرۆشی بوو کە بەپێی دەنگدانی پەرلەمان لەسەر یاساکە تاوانی لەشفرۆشی بە ٧ ساڵ تا ١٥ حوکمدەدرێت.

ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت كۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگی زیاتر لە ١٧٠ پەرلەمانتاری کە ئامادەبوون، یاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ژمارە (٨)ی ساڵی ١٩٨٨ی پەسەند كرد و ناوی یاساكەی لە (یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی) گۆڕی بۆ (یاسای ڕووبەڕووبووونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێكسی).

لە هەموارەکەدا " لەشفرۆشی بریتییە لە (ئەنجامدانی زینا لەگەڵ زیاترلە كەسێكدا لەبەرامبەر پاداشتێكدا یاخود بێبەرامبەر) و، هەروەها لادانی سێكسی یان هاوڕەگەزخوازی بریتییە لە (پەیوەندی سێكسی لەنێوان دوو كەس لە یەك رەگەز، نێر و نێر یاخود مێ و مێ).

هەروەها ئەو گەنجانەی کە کوڕن و خۆیان دەگۆڕن بۆ کچ، یان بە پێچەوانەوە، هەروەها دکتۆرەکەی کە نەشتتەرگەریەکەیان بۆ دەکات حوکمدەدرێن لە ١ ساڵەوە تا ٣ ساڵ زیندانی دەکرێن.

یاساكە (ئاڵوگۆڕی ژنان بەمەبەستی سێكسی) وەكو لادانی سێكسی دیاریكردووە و هەروەها (نێوەندگیری بە مەبەستی كاری سێكسی) و (ماڵی لەشفرۆشی) قەدەغە كردووە و بەتاوان هەژماری كردووە.

بەپێی یاساكە، سزای زیندانی و غەرامە دیاری كراوە، كە بەپێی جۆری تاوانەكان لە حەوت ساڵ زیندانی كردنەوە تاوەكو ١٥ ساڵ دیاری كراوە، لەگەڵ غەرامەی لە پێنج ملیۆن دینارەوە تاوەكو ١٥ ملیۆن دینار.



PM:08:12:27/04/2024