ئەمڕۆ دووشەممە ئاوات شێخ جەناب لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکە پسپۆڕیەکانی وەزارەت کۆبۆوە و رایگەیاند" کاری باشمان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی بانکەکان کردووە".
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم بانکە پسپۆڕیەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی کۆبۆوە، بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوە و بەرەوپێشبردنی کاری بانکە پسپۆڕییەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی داوایکرد کار ئاسانی تەواو بۆ مامەڵەی ئەو هاوڵاتیانە بکەن کە قەرز و پێشینەیان وەرگرتووە و پلان و پێشنیاری خۆیان لەو بارەیەوە بۆ وەزارەت بەرزبکەنەوە".
باس لەوەشکراوە، لە بەشێکی دیکەى کۆبونەوەکەدا وەزیرى دارایى ڕونیکردەوە سەرەڕای قەیران و کێشەکان لەم کابینەیە توانیویانە کاری باش بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی بانکەکان بکەن و لە داهاتوشدا بە پلان و بەرنامەی گونجاو کارەکانیان باشتر ڕێک دەخەنەوە.