فەرماندەی پێشمەرگەکانی کوبانێ: داعش هەڕەشەی بەکارهێنانی کیمیاوی دەکات

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی ئاشکرای کرد زانیاریان هەیە کە  داعش لە هەوڵدایە بەچەکی کیمیایی بۆردومانی کۆبانی بکات.

لەگەڵ پاشکەشەی بەردەوامی چەکدارانی داعش لە کوبانێ لیوا (عەبدولقەھار مەجید) بە kdp.infoی راگەیاند: زانیاریمان بۆ ھاتووە کە ئەمیرەکانی داعش بە چەکدارەکانیان گوتووە لەوەتەی پێشمەرگە ھاتووە، ناتوانن پێشڕەوی بکەن، بۆیە پیویستە چەکی کیمیایی بە کار بێنن، بەڵام هێشتا بە کاریان نەھێناوە، هەڵبەت لە چەند رۆژی رابردوودا غازیان بە کار ھێنا، بەڵام زیانی بە دوای خۆیدا نەهێنا.

لە درێژەی قسەکانیدا لیوا (عەبدولقەھار مەجید) وتی: شەڕ لە کۆبانی بەردەوامە و لە سێ رۆژی رابردوودا شەڕڤانان بە ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە، گورزی کوشندەیان لە داعش وەشاندووە و بە دەیان تیرۆریست کوژراون، لەئێستایشدا 28 تەرم لەبەردەستی ئێمەدان کە دووانیان ئەمیرن و، چەندین شوێنیشیان لێ پاک کراوەتەوە".

ئەو فەرماندەییە دەڵێت" سەرباری ئەو هەڕەشانەش کە داعش دەیکات کە چەکی کیماوی بەکاردەهێنیت، شەڕڤانان بە ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی لە پێشڕەویی بەردەوامن و لە سێ رۆژی رابردوودا زیانی زۆریان بە داعش گەیاندووە و چەند شوێنێکیشیان رزگار کردوون".

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی گوتیشی، ئەمڕۆ ھێرشێکی دیکەیان کردووە و شوێنێکیان کۆنترۆڵ کردووە و، چەندین چەکداریشیان کوژراون، کە تەرمی شەشیان کەوتوونەتە ژێر خانوویەکەوە کە لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان خاپوور بووە.

(عەبدولقەھار مەجید) راشیگەیاند: "پێش ئەوەی ھێزی پێشمەرگە بێتە کۆبانێ، بەشی زۆرتری بە دەست داعشەوە بووە و، بەردەوامیش لە پێشرەویدا بوون، بەڵام دوای چوونی پێشمەرگە ھێرشەکان پێچەوانە بوونەتەوە و شەڕڤانان بە هاوکاریی هێزەکانمان لە رزگارکردنی ئەو شوێنانەی بە دەست داعشەوەن، بەردەوامن."

ئەو فەرماندەیە باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ هەینی، بە درێژایی رۆژ بۆردوومانکردن بەردەوام بووە و، تا ئێستایش بەردەوامە.
سەبارەت بە دەنگۆی برینداربوونی 10پێشمەرگە (مەجید حاجی) گوتی، "راستە پێشمەرگە بریندار بوون، بەڵام برینەکانیان سوکن و دووانیان بۆ چارەسەرکردن رەوانەی دھۆک کراون."

فەرماندەی پێشمەرگەکانی کۆبانی گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتاییی ئەم مانگەدا گۆڕانکاری لە ھێزی پێشمەرگە بکرێت و، ھێزێکی دیکە بچێتە شوێنی ئەوان و ئەوانەی دیکە بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان.



PM:07:32:21/11/2014