عه‌بادی‌: پێشمه‌رگه‌ به‌شێكه‌ له‌ سیستمی‌ ئه‌منی‌ عیراق

‌حەیدەر عەبادی
سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتی‌كردەوە، حكوومەتەكەی بە جێبەجێ‌كردنی نێوەڕۆكی یاسای بودجەی گشتیی 2015ی عێراقەوە پابەندە و پێشمەرگەش بە بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عێراقی دەزانێت.

بە پێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی "حەیدەر عەبادی”، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 2015-05-06، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە "ئارام شێخ محەممەد”، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە و لە كۆبوونەوەیاندا (هاوكارییەكانی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ كردن، دەركردنی ئەو یاسایانەی كە خزمەتی هاوووڵاتییان دەكەن، سەركەوتنەكانی سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و ڕۆڵەكانی عەشیرەتەكان، هەروەها گرنگیی یەكێتیی هێزە سیاسییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی كە ڕوویان لە عێراق كردووە)، تاوتوێ كراون.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لە سەر بەردەوامیی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە و حەیدەر عەبادی ڕایگەیاندووە: "حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە یاسای بودجەی گشتیی 2015ی عێراقەوە پابەندە، بۆ ئەوەی پشكی سەرجەم پارێزگاكان دەستەبەر بكرێت و پێشمەرگەش بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراقی”.

ئەمە لە كاتێك دایە كە دوای ئەوەی لە مانگی 4/2015دا، ڕێژەی هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆر بەرز كرایەوە و جێبەجێ كردنی تەواوەتیی ڕێككەوتنەكەی لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە دووپات كردەوە، چاوەڕوان دەكرێت حكوومەتەكەی عەبادی، ئەركەكانی خۆی لە ڕێككەوتنەكەدا جێبەجێ بكات و بەپێی یاسای بودجەی عێراق، 17%ی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بنێرێت.



PM:09:03:06/05/2015