لاهۆری شێخ جەنگی: پابەندم بەبڕیارەکانی دادگاوە

لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری كە لە لایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە رایگەیاند: وەك هەمیشە بە بڕیارەكانی دادگاوە پابەندە.

لە روونكردنەوەیەكدا نووسینگەی رۆژنامەوانی لاهور شێخ جەنگی باس لەوە کراوە "سكاڵاكار پێداگرە لەوەی ناوی ئێمە بەو كەیسەوە بلكێنێت لەكاتێكدا كە تائێستا جگەلە تۆمەتی بێ بنەما، هیچ بەڵگەیەكی یاسایی باوەڕپێكراوەی لەمبارەیەوە پێشكەشی دادگا نەكردوە".

ئەو بەرپرسەی حکومەت کە لەسەر تەقەکردن لەخاوەنی کۆمپانیای نالیا دەستگیردەکرێت، دەڵێت: دادوەری لێكۆڵینەوە دەسەڵاتی هەیە بڕیاری بانگكردن و دەستگیركردن بۆ هەر سكاڵالێكراوێك دەربكات، بەڵام ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە كە ئەو كەسەی لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەوە بڕیاری بانگكردن و دەستگیركردنی بۆ دەربچێت، تاوانبار بێت.


لەروونکردنەوەکەدا هاتووە" بۆئەوەی تۆمەتباربوونی كەسێك بسەلمێت پێویستە سكاڵاكار جگە لە بانگەشە و ئیدعا و پروپاگەندە، بەڵگەی یاسایی و رون و راستەقینە بخاتە روو كە لەم كەیسەدا، هیچ جۆرە بەڵگەیەكی راستەقینەی باوەڕپێكراو، كە تۆمەتباربونی ئێمە بسەلمێنێت، بوونی نییە".




PM:10:46:09/09/2015