پارتی دەیەوێت گرێکوێرەکەی بە بزووتنەوەی ئیسلامی بکاتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان جەولەیەکی نوێی دیبلۆماسی دەستپێدەکاتەوەو سەرەتا دەیەوێت گرێکوێرەی هەڵەکانی سیاسەتی چەند رۆژی رابردووی بەبزووتنەوەی ئیسلامی بکاتەوە.

هێمن هەورامی ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردۆتەوە " لە رۆژی یەکشەممە 18-10-2015 پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە".

تەلەفزیۆنی رووداویش ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە یەکەم لایەن سەردانی بکەن بزووتنەوەی ئیسلامییە.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە هاوپەیمانەکانیەوە ٥١ کورسی لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، خۆی ٣٨ کورسی و ١١ کورسی کۆتاکانی ئاشوری و کلدان و تورکمانەکان، لەو کاتەدا پێویستی بە ٥ کورسیە، بەپێی قسەی چاودێران پارتی بۆیە لە لایەنە بچووکەکانەوە گفتوگۆ دەستپێدەکات، " بۆئەوەی زەمانی ٥٦ کورسیە بکات بەم حیزبە یچووکانەو، دواتر فشار بخاتە سەر فراکسیۆنە گەورەکان و ئەو ئاماژەیەیان پێبدات ئەگەر ئەوانیش هاوپەیمانی لەگەڵدا نەکەن، ئەوان رێژەی یاسایی تەواویان دەستبەر کردووە بۆ لادانی سەرۆکی پەرلەمان و هەر گۆڕانکارییەکی تر کە بیەوێت لە حکومەتدا ئەنجامی بدات". 

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی یەکشەممە 18-10-2015 شاندێکی پارتی لە هەولێر سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەکات.

سەردانەکەی پارتی بۆ لای سەرجەم ئەو لایەنانە دەبێت کە لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان بەشدارن و هەروەها ئەو حیزبانەیش کە لەدەرەوەی حکومەتن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو پارتی لە بەرنامەیدا نییە لەم گەڕەی دانوستانەکان سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان بکات.



PM:11:02:17/10/2015