دوو بەرپرسی پارتی فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە

بە تۆمەتی تەقە كردن لە خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەكەی كەلار، فەرمانی دەستگیر كردن بۆ  بەرپرسی لیژنەی ناوچەی كەلاری پارتی و ئەفسەرێكی ئەو حزبە دەركراوە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەكراون، سەرچاوەیەكیش لە پۆلیسی كەلار هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.

ماڵپەڕی "خەڵك" لە زاری سەرچاوەیەكی پۆلیسی كەلارئاشكرایكرد كە دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار بە پێی مادەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی (كوشتنی بە ئەنقەست) فەرمانی دەستگیر كردنی بۆ بەرپرسی لیژنەی ناوچەی كەلاری پارتی و ئەفسەرێكی ئەو حزبە بە پلەی عەقید دەركردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی ئەو دوو كەسی ئاسایی نین، پێویستە پۆلیس نوسراو بكات بۆ سەرووی ئەوان (مەرجەعیان)، تا بتوانرێت دواتر دەستگیر بكرێن، لەئێستادا پۆلیس سەرقاڵی ڕێكارەكانە بۆ ئەو مەبەستە.

ئەو سەرچاوەیە ڕونیشیكردەوە، ئەو فەرمانە دوای سكاڵای خانەوادەی ئارام بایز، یەكێك لە شەهیدەكانی خۆپیشاندانەكەی كەلار دەركراوە، كە بەرپرسانی پارتییان بە تەقەكردن لە كوڕەكەیان و شەهید كردنی تۆمەتبار كردووە.



PM:05:16:23/10/2015