یەكێتی سكاڵا لەسەر هێمن هەورامی و ئامینە زكری تۆماردەكات

یەكێتی نیشتمانی كوردستان سكاڵای یاسای لەسەر دوو بەرپرسی پارتی، هێمن هەورامی‌و ئامینە زكری تۆمار دەكات، بەهۆی ئەوەی عادڵ مورداد‌و لەتیف رەشیدیان بەوە تۆمەتبار كردوە دەستیان لە بڕینی موچەی هەرێمی كوردستان هەبووە.

لەبەرامبەر تۆمەتباركردنی عادل موراد ؛سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی؛ و لەتیف ڕەشید ؛ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عیراق؛ بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە سەردەمی نوری مالكی ؛سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق؛ لەلایەن هێمن هەورامی ؛بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی؛ و ئامینە زكری ؛پەرلەمانتاری پارتی؛ یەكێتیی نشتمانیی كوردستان سكاڵا لەسەر ئەو دوو بەرپرسەی پارتی تۆمار دەكات.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی (كوردسات نیوز)، كامەران ئەحمەد ؛پارێزەری دكتۆر لەتیف ڕەشید؛ ڕایگەیاندووە،  بەهۆی ئەوەی هێمن هەورامی لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی ڕاستەوخۆدا ڕایگەیاندوە، كە نوری مالكی لەسەر پیشنیاری هەریەك لە دكتۆر لەتیف و عادل موراد بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە لە دادگا سكاڵای یاساییمان تۆمار كردوە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەم تۆمەتانەش تەنها بۆ لەكەداردانی ئەو كەسایەتیانەیە و خۆدزینەوەیە لەو كێشانەی ئێستا ڕووبەڕووی پارتی بونەتەوە.



PM:08:15:24/10/2015