٧ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن

لەرۆژی ١/٢٦ ەوە حەوت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەبێ رەزامەندی سه‌رۆکی ئەنجومەنی پارێزگا سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن.

حەوت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە سیانیان یەکێتین و دووانیان گۆڕان و یەکێکیان پارتی و یەکێکیان کۆمەڵن بەوەفدێکی کەلتووری دەچنە وڵاتی تورکیا بەبێ رەزامەندی و مۆڵەتی فەرمی لەسەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاوە.

سپی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە پەیوەندی کرد بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی د. هەڤاڵ ئەبو بەکرەوە، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات.

دواتر سپی پەیوەندیکرد بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی ئەکرەم شەریفەوە، ئەو لای خۆیە وتی" بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە لەلایەن هەموومانەوە لە ١٠ کۆبوونەوەدا لەبەر رۆشنایی  دەستوری عێراق داڕێژراوەو بڕیاری لەسەر دراوە، هەر ئەندامێکی ئەنجومەن مۆڵەت وەربگرێت، دەبێت بەفەرمی و بەنامە من ئاگادار بکەنەوەو مافی بڕیاردانیش لەسەری دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجوومەن، بەڵام ئەمانە کەسیان مۆڵەتیان وەرنەگرتووە".

سەبارەت بە وەفدیش هەر لایەنێکی فەرمی و نافەرمی میوانداری وەفدێک بکات بۆ دەرەوەی وڵات، ئەکرەم شەریف وتی" دەبێت سەرۆکایەتی ئەنجوومەن و سەرۆکی ئەنجومەن ئاگادار بکەنەوەو ئەوانیش لەرێگای ١٧ لیژنەی پارێزگاوە بە ئاگاداری سەرۆکی لیستەکان ئەو کەسانە دەستنیشان دەکرێن بۆ ئەو سەفەرە، پرۆسەی ئەو سەفەرەی ئەو بەڕێزانە بەم رێچکە فەرمیەدا نەڕۆشتووە".

بەرپرسی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەباح شەهید فەتاح لە لێدوانێکیدا لەسەر ئەو پرسە وتی" ئەو بەڕێزانە وەک نوێنەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەو سەفەرەیان کردووە، لەچ سیستەمێکدا لەم جیهانە، دەسەڵاتی یاسادانان نوێنەرایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە پارێزگارە دەکەن".

بەرپرسی لیژنەی یاسایی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئەو کارە نایاساییە.

ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە کە ناردنە دەرەوە بە ئیفاد لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ هەموو فەرمانگەکان راگیراوە، لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت.


    



PM:09:54:30/01/2016