ناوی دوو بەرپرسی پارتی کەخشتەی مووچەیان ئامادەکردووە

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم رۆژی ٢/٣ بڕیاری لەسەر "خشتەی ریکخستنی مووچە"ی دا، ئەو خشتەیە لەلایەن دوو بەرپرسی پارتیەوە کە یەکێکیان لە حکومەتدایەو ئەوی تریان خانەنشینە ئامادەکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەولێرەوە بە سپی راگەیاند" پرۆژەی ئەو خشتەیە کە ئەنجومەنی وەزیران رۆژی ٢/٣ بڕیاری لەسەر دا لەلایەن سەرکیس ئاغاجان و رابەر سدیق وەزیری دارایی بەوەکالەتەوە ئامادەکراوە".

سەرکیس ئاغاجان بەرەگەز مەسیحییە و پێشتر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە لە سالی ١٩٩٩ تا ٢٠٠٩ وەزیری دارایی و ئابووری کابینەکانی چوارەم و پێنجەمی حکومەتی هەرێم بووە لە ھەمان کاتدا لە ساڵانی ٢٠٠٤ تا٢٠٠٦ جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە لە کابینەی پێنجەمی حکوومەتی ھەرێم جاریکی‌تر پلەی وەزیری دارایی پێ سپێدرا.  

سەرکیس ئاغاجان لەناو پارتیدا دۆستی نێجیرڤان بارزانیەو لەسەر باڵەکەی ئەو هەژمار دەکرێت. کەسی دووەمی ئەو پرۆژەیە کە لەگەڵ سەرکیس ئاغاجاندا ئامادە کردووە رابەر سدیقە کە دوای ئینزدانی وەزیرەکانی گۆڕان، ناوبراو بە وەکالەت خرایە جێگای رێباز حەملان وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم، ئەو بەرپرسە حکومیەش پارتیەو نزیک نێچیرڤان بارزانیە.

پرۆژەی ئەو خشتەی مووچەیە لە کۆنفرانسی ١/٢٣ "کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات" کە لەهەولێر سازکرا بۆ وەزارەتەکان و شارەزایان و کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ، باسی لێوەکراوە تا رۆژی ٢/٣ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لەسەر درا.

وەک سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ دەکات، ئەوەی جێگای سەرنجە چۆن یەکێتی و نوێنەرانی لە حکومەتدا هاوبەشی جۆرە بڕیارێکی لەو چەشنە لەگەڵ پارتیدا دەکەن کە بۆتە مایەی نارەزایەتیەکی گەورە لەلای مووچەخۆرانی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار دەرکرد لەسەر ئەوەی رێژەی لە ١٥% ەوە تا ٧٥% لەمووچەی مووچەخۆران بەپێی پەلەکان لای حکومەت پاشەکەوت بکرێت.

ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران نارەزایەتییەکی زۆری سەرجەم مووچەخۆرانی کوردستانی لێکەوتۆتەوەو لەرۆژانی داهاتوو لەکاتی کردنەوەی فەرمانەگاکاندا ئەو ناڕەزایەتیانە بەدیدەکرێن. 



PM:09:22:05/02/2016