وادەی کۆبوونەوەی بارزانی و لایەنەکان ئاشکرا كرا


لەسەر داوای یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.

لەمبارەیەوە محەمەد حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە سایتی رووداوی راگەیاندوە: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر داواكاری یەكێك لەو دوو حیزبەی بەشداری كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان نەكرد كە (گۆڕان ‌و كۆمەڵی ئیسلامی) بوون، داوای دواخستنی كۆبوونەوەی بارزانی و لایەنە سیاسییەكانی بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 18-2-2016 ی كردووە".

راشیگەیاند: "یەكێك لە‌و دوو حیزبە داوای لە یەكێتی كردبوو بۆ ماوەیەك لەسەریان بووەستن، یەكێتیش لەسەر ئەو پێشنیازە، داوای دواخستنی كۆبوونەوەی  بارزانی و لایەنە سیاسییەكانی بۆ رۆژی پێنجشەممە داهاتوو كردووە.

بە بۆچوونی محەممەد حاجی مەحموود، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان‌ و كۆمەڵی ئیسلامی بەردەوام بن لەسەر هەڵوێستی خۆیان، ئەوا دوورنییە ئەو سێ‌ حیزبە (یەكێتی، پارتی، یەكگرتوو) پێكەوە بڕیارێك بدەن.  ناوبراو وتیشی "ئەگەر گۆڕان‌ و كۆمەڵ هەڵوێستیان نەگۆڕن رەنگە سێ‌ حیزبەكە پێكەوە بڕیارێك بدەن، جا بڕیارەكەیان چییە ئەوە شتێكی دیكەیە".

پێشتر سپی  لەزاری سەرچاوەیەكی خۆی بڵاویكردەوە كە " پێشتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای دواکەوتنی کۆبوونەوەکەی کردووە، تا دەرفەت بدرێت بە لیژنەی کاراکردنەوەی پەرلەمان رای هەموو لایەنەکان کۆبکاتەوەو  ئامادەی بکات بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو کە ئەو کارە کاتی دەوێت". (زانیاری زیاتر بخوێنەرەوە)



PM:02:50:10/02/2016