گۆڕان پەرلەمانتارە مانگرتووەکەی بەغدای دەرکرد

بزووتنەوەی گۆڕان تاڤگە ئەحمەد میرزا پەرلەمانتاری گۆڕان لە فراکسیۆنی گۆران لە بەغداو لە بزووتنەوەکە دەردەکات.

لە بەیانێکدا بزووتنەوەی گۆڕان پەرلەمانتار تاڤگە ئەحمەدی لە ریزەکانی خۆی دەرکرد و لە بەیانەکەدا هاتووە" بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا تاڤگە ئەحمەد لە فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دوربخاتەوە لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە":
  
ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:


رونکردنەوەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ رای گشتی

بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا تاڤگە ئەحمەد لە فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دوربخاتەوە لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
1. دەرچونی ناوبراو لە ئیجماعی کوردی‌و ئەجێندای بزوتنەوەی گۆڕان‌و فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
2. پابەند نەبونی بە ئەجێنداو هەڵوێستی فراکسیۆنەکەمان‌‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و بەشداریکردنی لە کۆبونەوەی پەرلەمانتارە مانگرتووەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەژێر کاریگەری ئەجێندای لایەنێکی تر.
3. ئەگەرچی لە ماوەی پێشودا چەندین جار ناوبراو ئەگادار کراوەتەوە لەسەر سەرکێشی‌و دەرچونی لە هەڵوێست‌و ئەجێندای فراکسیۆن‌و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام بێ سود بوو. ئێمە لە کاتێکدا داکۆکی لە رای ئازادو بۆچونی جیاواز دەکەین بەڵام ئەم حاڵەتە تا ئەو کاتە رێگەپێدراوە کە بۆچون‌و دیدە جیاوازەکان نەچنە خانەی دژایەتیکردنی هەڵوێستی نیشتیمانی‌و بەرژەوەندی نەتەوەیی‌یەوە.
هەر بۆیە رایدەگەیەنین کە لە دەرچونی ئەم رونکردنەوەوە ناوبراو هیچ پەیوەندییەکی بە فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌‌و بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە.


بزوتنەوەی گۆڕان



PM:07:14:16/04/2016