"لەسەر بانگەوازەكەی بارزانی یەكێتی گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان دەكات"

لەسەر بانگەوازەكەی بارزانی كە داوا دەكات بە زووترین كات لایەنەكان لەسەر پرسی ریفراندۆم كۆببنەوە، یەكێتی بڕیاریداوە بۆ ئەو پرسە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕاندا بكات.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی راگەیاند كە لە كۆبوونەوی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر ئەو داوایەی بارزانی كە داوا دەكات بە زووترین كات كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان سازبكرێت لەسەر پرسی ریفراندۆم، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا سەرەتا گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا بكەن.

ئەمڕۆ 25/6 مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوەی ئەنجامدا و پاش کۆبونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، کەرکوک بەشێکی دانەبڕاوی ھەرێمی کوردستانە و پارێزگاری کەرکوکیش پابەند دەبێت بەو بڕیارەوە.

لە بەشێکی ئەو راگەیەندراوەدا ئەوەش ھاتووە کە یەکێتی گفتوگۆی دەستپێکردووە لەگەڵ چەند لایەنێک بۆ پەیوەندیکردنیان بەڕیزەکانی یەکێتییەوە، ھەروەھا لەبارەی بانگەوازەکەی مەسعود بارزانی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاری پێویستی لەبارەوە داوە

ئەمەش لە دوای ئەوە هات  پێشتر سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکیتی بە ئین ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر ئەو بابەتە لە ناو ئەندامانی مەکتەبی سیاسیدا دوو ڕا هەیە، یەکێکیان پێی وایە دەبێت نەجمەدین کەریم واز لە پرۆژەکەی بهێنێت و بێدەنگ بێت، بۆچونی دووەمیش پێی وایە دەبێت لەبەرامبەر پرۆژەکەدا کە پێچەوانەی بڕیاری یەکێتیە، لێپرسینەوەی حزبی لە نەجمەدین کەریم بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕاندا هەموو هەوڵیک بۆ بەهەرێمکردنی کەرکوک ڕەتکرایەوە.



PM:03:19:25/06/2016