هەولێر.. دوو شووی بۆ دوومانگ کرد


بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان باس لە ژنێک دەکات کە دوو جار هاوسەرگیری دەکات کە هەردووکی دوو مانگی خایاندووە.

ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر لە وتارێکیدا نوسیویەتی "ژنێكی تەمەن 23 ساڵ لەلای دادوەری لێكۆڵینەوە لە توندوتیژیی خێزانی سكاڵای هەبوو لەسەر مێردەكەی. ئەو ژنە دوو ساڵ لەمەوبەر لە مێردی یەكەمی جیابووەتەوە، بە قسەی خۆی مێردی یەكەمی هێندە لەگەڵی خراپ بووە، تەنیا دوو مانگ لەلای ماوەتەوە".

هەروەها نوسیویەتی "مێردی دووەمیشی لەوەی یەكەم باشتر نەبووە. ئەو ژنە كە دانیشتووی یەكێك لە گەڕەكە میللییەكانی شاری هەولێرە، رۆژێك پیاوێك دێتە خوازبێنی و دەڵێت تەنیا خۆی و دایكی لێرەن و كەسوكارەكەی لە دەرەوەی وڵاتن. ئەم ژنەش لەبەر ئەوەی باوكی نەساخە و كەسی وایان نەبووە پرسیار دەبارەی رابردووی ئەو پیاوە بكات، خۆی و دایكی دەچنە گەڕەكەكەی و پرسیاری دەربارە دەكەن، بەڵام دراوسێكانی پیاوەكە دەڵێن ئەم ماڵە تازە هاتوون و هیچ زانیارییەكیان لەبارەیانەوە نییە، ئەوانیش زۆر گوێی پێنادەن و واز لە پرسیاركردن دێنن."

بە وتەی ژیلەمۆ بەشێک لە کێشەکان بەهۆی فشاری ماڵی کچەکەوە بوون و نوسیویەتی "دایكی بە كچەكەی دەڵێت تۆ تەڵاقدراوی، ئەم كوڕەش هاتووەتە خوازبێنیت و پێناچێ كوڕێكی خراپ بێت، مێردی پێ بكە. ئەم ژنە سەری لەوە سوڕماوە كە هەر دوای ناردنی وەڵام بۆیان، كوڕەكە زۆر بەخێرایی هاتووەتە پێش و لە ماوەی دوو هەفتەدا هەموو شتێكی بڕیوەتەوە و ئەوی گواستووەتەوە".

ئەو بەردەوام دەبێت لە دوای گێڕانەوەی چیرۆکەکە و دەڵێت "بەڵام كارەسات دوای گواستنەوەكە روودەدات. ژنەكە گوتی پیاوەكە تەنیا 15 مسقاڵ زێڕی بۆ كڕیبووم، هەر دوای هەفتیانە زێڕەكەی لێوەرگرتم و گوتی بە قەرز هێناومە. منیش پێم عەیب بوو قسەم نەكرد. ئەو دیارییە بەنرخانەی لەكاتی هەفتیانە بۆم هاتبوو، هەمووی فرۆشتنەوە، دیسان پێم عەیب بوو هیچ بڵێم. زانیبووی كە دایكم لە كۆمپانیایەك شت بە قیست دەكڕێت، چووبووە كۆمپانیاكە لەسەر ناوی دایكم بایی 4 هەزار دۆلار شتی كڕیبوو، دایكم لەبەر من هیچی نەگوت و كەفالەتی كرد، بەڵام دواتر هەموو كەلوپەلەكانی كۆمپانیاكەی فرۆشتنەوە، پیاوەكە هەر بەوەندە ناوەستێ، لەبن گوێی ژنەكە دەخوێنێ‌ كە پێویستیان بە ئۆتۆمبێلە، ژنەكە 40 مسقاڵ زێڕی خۆی هەبووە، زێڕەكەی دەداتێ‌ بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی پێ بكڕێت، بەڵام ئەویش ئاوەو ئاو دەچێت و ئۆتۆمبێلیش بەچاوی خۆی نابینێ".

هەروەها نوسیویەتی "دوو مانگ بەس بوو بۆ ئەوەی رووی راستەقینەی ئەو پیاوە بۆ ژنەكە دەربكەوێت. ئەو ژنە دەڵێت بۆم دەركەوت پیاوەكەم مەشروبخۆر و قومارچییە، پێش من دوو ژنی دیكەی تەڵاقداوە. ژنەكە كاتێك بێ ئومێد دەبێت لە كڕینی ئۆتۆمبێلەكە، داوای زێڕەكەی خۆی دەكاتەوە، بەڵام پیاوەكە لێیدەدات و دەریدەكات"..

ئیدی ژنەكە ناچار دەبێت پەنا بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەبات. دوای ئەوەی دۆسیەی بۆ دەكرێتەوە و دۆسیەكەی دەنێردێت بۆ دادگا، دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی مێردەكەی دەدات بەپێی مادەی 7 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی. تۆمەتبار لە لێكۆڵینەوەدا دانی نا بەتاوانەكەیدا و هەموو ئەو زانیارییانەی ژنەكەی پشتڕاست كردنەوە

.

ژیلەمۆ عەبدولقادر نوسیویەتی "لەكاتی ئامادەبوونیان لەبەردەم لێژنەی ئاشتەوایی، ژنەكە سوور بوو لەسەر ئەوەی داوای جیابوونەوە بكات، هەرچەندە پیاوەكە بەڵێنی پێدا كە باش بێت لەگەڵی و كار بكات بۆ ئەوەی زێڕەكەی بۆ بكڕێتەوە، ئەم ژنە كە پێشتر تەڵاقدراوە، تەنیا لەبەر قسە و قسەڵۆكی خەڵك پەلەی بووە شوو بكاتەوە و لە رابردووی پیاوەكەی نەپرسیوە، ئەمەش خراپ لەسەر خۆی شكایەوە، رەنگە خەڵك بپرسن: بۆچی ئەم ژنە هەر دوو مانگ لەلای مێرد دەمێنێتەوە؟ لەكاتێكدا جیابوونەوەكانی هیچ هەڵەی ئەوی تێدا نەبووە و پیاوەكان خراپ بوون لەگەڵی."



PM:04:29:06/08/2016