وێنە.. سەرۆکی پەرلەمان خەڵاتی تایبەتی پەرلەمانی بەخشییە هاوسەری شێرکۆ بێکەس

د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمان، بە ئامادەبوونی چەند پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنە جیاوازەکان، پێشوازی کرد لە هاوسەر و ماڵباتی شاعیری گەروەی کورد شێرکۆ بێکەس، وەک وەفایەک بۆ داهێنان و خزمەتی گەورەی شێرکۆ بێکەس بە ئەدەب و وشەی کوردی، خەڵاتی تایبەتی پەرلەمانی کوردستانی بەخشییە خێزانەکەی.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ٥ شەممە ١١-٨-٢٠١٦ لە کۆبونەوەیەکدا سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ خێزان و ماڵباتی شێرکۆ بێکەسدا، ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاریگەریی شێرکۆ بێکەس لە ئەدەبی کوردی کرد.  ئاماژەی بەوەدا شێرکۆ بێکەس شیعرەکانی بۆ کارەساتەکانی کورد و پرسی ئازادی ژنان و خەباتی مەدەنی و مافەکانی کورد تەرخان کرد بوو. بۆیە بەداخەوە لەم سەردەمەدا کە گەلەکەمان ڕووبەڕووی دەیان کارەساتی گەورە بوەتەوە، ئامادەنەبوونی شێرکۆ بێکەس بۆشاییەکی گەورەی لەو بوارانەدا درووست کردووە.

پەرلەمانتاران، هەریەکەیان ئاماژەیان بە لایەنێکی کاریگەریی شێرکۆ بێکەس کرد و بڕیاریاندا لە نزیکترین دەرفەتدا بەدواداچوونی پێویست بکەن بۆ گرفتی خەڵاتی ساڵانەی شێرکۆ بێکەس و کردنی ماڵەکەی بە مۆزەخانە و درووستکردنی مۆنۆمێنتێکی مۆدێرن لەسەر گۆڕەکەی.
 هاوسەر و ماڵباتی شێرکۆ بێکەس سوپاسی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و هیوایان خواست شێرکۆ بێکەس وەک شاعیری هەمو گەلی کورد مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە خەونی ئەو خەونی سەربەخۆیی کورد و ئازادی نەتەوەکەی بووە.



PM:01:07:11/08/2016