ئاژانسی پاراستن لەسەر برۆ‌و سەرتاشینی پێشمەرگەكە هاتەدەنگ

بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن‌و زانیاریی هەرێم سەبارەت بە سەرتاشین‌و برۆتاشینی پێشمەرگەیەك دەڵێت "باوەڕ بكەن منیش ئەم بابەتەم لە سوشیال میدیاوە دیتووە".

نەزهەت حالی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری هەرێم– پاراستن‌و ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیجی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئەوەی بڵاوكردۆتەوە: مادام هه‌موومان له‌و هه‌رێمه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین ، پێم وایه‌ نابێت نه‌ دوژمنی یه‌كتر بین و نه‌ له‌ یه‌كتریش بێ منه‌ت ببین ، سه‌ره‌ڕایی جیاوازییه‌كانمان به‌ یه‌كتر قبول كردن ده‌توانین سیمایی كوردستانی باشور جوانتر بكه‌ین .

لە بەرامبەریشدا هاوڵاتیان پرسیاری ئەوەیان لێ كردووە ، ئەگەر ئەو جۆرە قسانە دەكرێت بۆچی دەبێت هاوڵاتیەك لەشاری خۆی سوكایەتی پێ بكرێت و بەم شێوەیە سەرو برۆی بتاشرێت ؟ ، بەرپرسی پاراستنیش لە وەڵامدا دەڵێـت: باوه‌ر بكه‌ن منیش ئه‌و بابه‌ته‌م له‌ سۆشیال میدیا دیتووه‌ ، من دژی هه‌ر بێڕێزی كردنێكم به‌ هه‌ر تاكێكی ئه‌و كوردستانه‌ ، كێشه‌ سیاسییه‌كانی ئێمه‌ نه‌ به‌ هاندانی خه‌لك و بێڕێزی كردن و نه‌ به‌ توندو تیژی چاره‌سه‌ر نابن .

شەوی 27/9 بەهۆی بوونی گومانی لە بەشداری كردنی خۆپیشاندان، چالاكوان و پێشمەرگەیەك لە هەولێر لە لایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركرا و دوای سوكایەتی پێكردن و ئەشكەنجەدانی، سەر و برۆِی تاشرا و لە ئەودیو بازگەی پردێ فڕی دراو ئەوەش كاردانەوەی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەدوای خۆیدا هێنا .



PM:04:48:28/09/2016