سەلاحەدین بەهادین لە تورکیایە
میدیا حیزبەکەی باسی ناکات

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی سەلاحەدین بەهادین بەسەردانێک گەیشتۆتە تورکیا، بەڵام تا ئێستا میدیا حیزبەکەی بڵاوی نەکردۆتەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی رۆژی شەممە بەشداریی پانێڵێک دەکات بە ناونیشانی "دیدگایەک بۆ داهاتوو لە بەر رۆشنایی سیناریۆ و راستییەکاندا" کە لەلایەن فۆرومی شەرق لە ئیستەنبوڵ رێکخراوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەو سەردانەی ناوبراو بۆ تورکیا تا ئێستا بەدوورو نزیک لەلایەن میدیای حیزبەکەیەوە باس نەکراوە.

دوێنیش لە چاوپێکەوتنێکی سەلاحەیدن بەهادین ئەمینداری یەکگرتوو کە لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ لە بارەی بەشداریكردنی توركیا لە كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ سازیکردبوو، رایگەیاند "توركیا دەوڵەتێكی میحوەری گەورەیە و ناكرێت لە هەموو شتێك دەستی هەبێت لە ناوچەكەدا و لەوەدا بیسڕیتەوە، بەڵام شێوازی بەشداری كردنەكەشی لە شەڕەكەدا پێویستە بە لێكتێگەیشتن و بە خۆشی بێت، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە كە راستە توركیا پێشوەختە لەم هاوپەیمانێتییەدا نەبوو بەڵام ماوەیەكە چووەتە ناو هاوپەیمانێتییەكە و بە رەزامەندی ناتۆ و ئەمریكا و لایەنەكانی تریش چووە ناو سووریاوە، مانای وایە توركیا سیاسەتی گۆڕی لە بابەتی چوونە ناو شەڕەكانی داعش".

ناوبراو کە پاساو بۆ هاتنی سووپای تورکیا لەشەڕی موسڵدا دەکات، دەشڵێت" "ئەگەر باسی داعش لە سووریا جائیز بێت لە عێراقیش هەیە و مووسڵ بەدەست داعشە، كەواتە هاتنی توركیا بە لێكتێگەیشتن و بە سنوورداری شتێكی ئاسایی دەردەچێت وەك ئەو هاوپەیمانێتییەی چەندەها وڵات بەشدارن بەشێوازی جۆراوجۆر لە رێگەی ئاسمانی و زەمینی و راوێژكاری سەربازی و شێوەی تریش، حەساسیەتێك هەیە لە بابەتی توركیادا كە پێویستە بەخۆشی چارەسەر بكرێت"

یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی دادو گەشە کە هەردووکیان شوناسی حیزبێکی ئیخوانیان هەیەو، پەیوەندیەکی باش لەنێوانیاندا هەیە، سەرکردەی رۆحی یەکگرتوو کە بە د. عەلی قەرەداغی دەناسرێت لە رۆژە قورسەکانی کودەتاکەی تورکیا لە لەمانگی تەمووز بۆ هاوپشتی پارتی دادو گەشەی حاکم چووە ئەو ولآتەو چەندان لێدوانی جیاجیای بۆ پشتگیری ئۆردغان بە میدیاکان راگەیاند. 




PM:12:02:08/10/2016