فێڵێکی نوێ لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکرێت لە ڕێگەی مۆبایلەوە

چەند کەسێک لە ڕێگەی مۆبایلەوە لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی پێدانی ژمارەی جوان و خۆڕایی، چەند کەسێک هەڵدەخڵەتێنن و بڕە پارەیەکی زۆریان لێ دەبەن .

ماڵپەڕی SNN بڵاویکردووەتەوە "کەسێک لەڕێگەی ژمارە تەلەفۆنێکەوە پەیوەندی بەژمارەیەک ھاوڵاتی و بەرپرسەوە کردووەو وتویەتی، لەبەرامبەر پێدانی ژمارەیەکی جوانی کۆڕەک تلیکۆم کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ سەرجەم ھێڵەکانی پەیوەندی بەخۆڕایی سودمەندبوویت، بەڵام پێویستی بە ٢٠٠ ھەزار دینار ھەیە، تا وەک دڵنیاییەک بخرێتە سەر حسابی ئەو ژمارە تەلەفۆنە، دوای ناردنی ئەو بڕە پارەیەش لەڕێگەی ڕەسیدی کارتی مۆبایلەوە، فێڵەکەیان ئاشکرابووەو ئەو ژمارەیەشی پەیوەندیان پێوەکردووە دایخستووە".

لەو بارەیەوە نورەدین زەنگەنە، بەڕێوەبەری بازرگانی لقی کەرکوکی کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم ڕایگەیاندووە "ئەو گرفتە ڕووبەرووی چەندین ھاوڵاتی و بەرپرس بۆتەوە، بەبیانووی ژمارەی جوان و خۆڕاییەوە تێکەوون و بڕە پارەیەکی زۆریان لێوەرگیراوە، کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆمیش ناتوانێت ئەو ڕەسیدانەی نێردراون بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنێتەوە".

هەروەها ڕاشیگەیاندووە " بەھیچ جۆرێک کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم پەیوەندی بەو جۆرە کەسانەوە نییەو لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو کۆمەڵێک کەسی نەفس نزم ھەڵدەستن بەو کارانە".



PM:09:16:20/10/2016