بۆ یەکەمجار هونەرمەندێکی کوردێکی دانیشتووی وڵاتی نەمسا گەلەری و ساڵۆنێکی هونەری لەو وڵاتە دەکاتەوە و دەیکاتە ناوەندی کۆبوونەوەی سیاسیەتمەدار و هونەرمەندان، بەتایبەت هونەرمەندانی شێوەکار.
هونەرمەندی شێوەکار و گەلەریست (فایەق رەسوڵ) لەساڵی 1987ەوە چۆتە وڵاتی نەمسا و لەگەڵ هاوسەرەکەی پێکەوە کاری هونەرییان کردووە و ئەمساڵ ساڵۆنێکی هونەریی تایبەت بەخۆیان کردۆتەوە و کردویەتیە ناوەندێکی هونەریی.
(فایەق رەسوڵ) سەرەتا بەپێویستیزانی روونکردنەوەیەکی مێژوویی لەسەر ووشەی (ساڵۆن) بدات و وتی: ساڵۆن لە فەرەنساوە هاتووە و بەمانای ژووری دانیشتن دێت، دوای شۆڕشی پیشەسازی فەرەنسا خانمانی ئەو وڵاتە بەتایبەت ژنی خانەوادە دەوڵەمەندەکان، لەماڵەکانی خۆیاندا ئێوارەی تایبەتیان رێکدەخست و لە ژووی ساڵۆن واتە (دانیشتن) کۆدەبوونەوە و مۆسیقا لێدەدرا و هونەرمەندی تازە و خەڵکی پسپۆری بواری ئابوری و سیاسیەتیان بانگهێشت دەکرد، فکرەی ساڵۆن لەوەوەهاتووە.
فکرەی ساڵۆن لە رۆژهەڵاتیش لە لوبنان و میسریش هەبوو، بەڵام زیاتر بەلای گورانی و میوزیکدا دەچوون کەمتر بەلای شێوەکاریدا.
لەبارەی بیرۆکەی کارەکەی خۆشیەوە (فایەق رەسوڵ) وتی: من زۆر دەمێکە حەزم لەم فکرەیە بوو جوان و باش بووە بەلامەوە، ماوەی 20 ساڵە گەلەری بەڕێوەدەبەم و پێشانگا بۆ هونەرمەندانی شێوەکار دەکەمەوە و نمایشی تابلۆکانیان دەکەن.
بەڵام بیرم لەوەکردەوە کە ساڵۆنێکی هونەریی تایبەت بەخۆمم هەبێت، جگە لەکاری گەلەریی.
لەبارەی جیاوازی گەلەری و ساڵۆنەوە، (فایەق رەسوڵ) ئاماژەی بەوەدا کە جیاوازییان زۆرە و وتی: دەتوانیت وەک دوکانێک سەیری گەلەری بکەیت کە هونەر نمایش دەکات و کڕین و فرۆشتنی تێدا دەکرێت و کاتژمێری کردنەوە و داخستنی هەیە و رۆژەکانی کردنەوەی گەلەریی زۆرە و هاتن بۆ هەمووانە، بەڵام لە ساڵۆندا یەک رۆژە و ئێوارەیەک رێکدەخەیت و بانگهێشتنامە دەنێریت بۆ کەسانی تایبەت کە لەبوارەکانی ئابوری و هونەریی و سیاسەتدا کار دەکەن.
کە ساڵۆنەکەم کردەوە لەیەکەم ئیڤێنتدا خەڵکێکی زۆری ئابوری و سیاسی و هونەرییم بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی بیرۆکەکەم وەک کوردێک لە ڤیەننا بناسێنم.
هەروەها هەرجارە و هونەرمەندێکی گەنج لە ئیڤێنتی ساڵۆنەکەدا دەناسێندرێت، من خانمە هونەرمەندێکی میوزیسیان روسیم ناساند و میوزیکی بۆ میوانەکان ژەنی و لە کارە هونەرییەکانی لەگەڵمدا بەردەوام دەبێت.
لەبارەی ژیانی هونەرمەندانی نەمساوە (فایەق رەسوڵ) وتی: لێرە هونەر بازاڕەو کاری هەر هونەرمەندێک نرخێکی هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بازاڕی هونەر بازاڕێکی زەحمەتە.
لەبارەی کاری داهاتوویەوە وتی: لەمانگی 5ی ساڵی داهاتوودا، ئیڤێنتێک بۆ خانمە هونەرمەندێکی ئەڵمانی بەناوی (لۆری هۆیغمان – lore heuermann) رێکدەخەم کە تەمەنی دەبێت بە 80 ساڵ و پێشانگایەک بۆ ئەو دەکەمەوە.