بەغدا ئەم بڕە پارەیە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەنێرێت

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایگەیاند: حکومەتی عیراق بەنیازە بۆ ئەو بەشە فەوتاوەی خۆراکی چوار مانگی رابردووی هاوڵاتیان، بە پارە قەرەبووی هاوڵاتیان بكاتەوە.

دوێنێ 15/1/2017 ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان، سەردانی کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراک و بازرگانی و دروستکردنی دانەوێڵیان کرد، لەبارەی ئەو سەردانەشەوە، عەبدولڕەحمان عەلی پەرلەمانتاری کوردستان ڕاگەیاند: لەساڵی ڕابردوو پێنج مانگ شەکر، چوار مانگیش برنج و ڕۆن و ١٠ مانگیش ئارد بەسەر ھاوڵاتیان دابەشکراوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: حکومەتی عیراق بۆ چوار مانگی فەوتاوی بەشە خۆراک، بەنیازە تەنھا ١٨ ھەزار دینار قەرەبووی ھاوڵاتیان بکاتەوە، لە كاتێكدا بەپێی یاسا بۆ ھەر مانگێک دەبێت بەبڕی ١٢ ھەزار دینار بەشە خۆراک بدرێتە ھاوڵاتیان، بۆیە ناکرێت لەکۆی چوار مانگ تەنھا ١٨ ھەزار دینار قەرەبوو بدرێتە ھاوڵاتیان.

پەرلەمانتارەكە ئاماژەی بەوەشدا کە ڕاپۆرتێک لەسەر دواکەوتنی بەشە خۆراک و کوالێتی بەشە ئاردی مانگانە ئاراستەی پارێزگای سلێمانی و ھەردوو حکومەتی ھەرێم و عیراقیش دەکەن.



PM:02:50:16/01/2017