ئەم وڵاتەی ئەوروپا ڤیزا دەداتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان

وڵاتی ئیتاڵیا هاوڵاتیانی کوردستان ئاگاداردەکاتەوە کە تەنها لە ڕێگەی سەنتەری(visametric)دەتوانن مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزا بکەن

لە بارەی پێدانی ڤیزای شنگن بە ھاوڵاتیانی کوردستان، کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە شاری ھەولێر، لە ڕێگای نووسراوێکەوە ڕوونکردنەوە بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەدات.

بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، "کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە ھەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکدا پێیان ڕاگەیاندووین لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا فشارێکی زۆری داواکاری ڤیزەمان لەسەر بووە، ئەوەش لە دەرەوەی تواناکانی کونسوڵخانەی ئیتاڵیایە لە شاری ھەولێر".

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاندووە "کونسوڵخانەی ئیتاڵیا ئاگاداری ھەموو دامو دەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگنی ئیتاڵیا و بۆ پێشکەش کردنی وەرگرتنی وادەی چاوپێکەوتن، پێویستە سەردانی سەنتەری (visametric) لە گوندی ئیتاڵی بکەن".

هەر لەوڕاگەیەندراوەدا هاتووە "کونسوڵخانەی ئیتاڵیا ناتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵەی ڤیزا وەربگرێت، بەڵکو تەنھا لە ڕێگەی سەنتەری (visametric) دەبێت ئەمەش بۆ ئەوەی مامەڵەکان ڕێکاری دامەزراوەیی خۆی وەربگرێت".

ڤیزای ئیتاڵیا لە چوارچێوەی ڤیزای (شنگن)ی یەکیتیی ئەورووپایە، کە ئەم ڤیزایە ھەر 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا دەگرێتەوە.



PM:09:33:23/01/2017