یادی نەورۆز لە سلێمانی وەک ساڵانی تر نابێت

ئەمساڵ لە گردی مامەیارە یادی نەورۆز دەکرێتەوە و بە پێچەوانەی ساڵانی دیکەوە کە لە شەقامی سالم ئەو یادە دەکرایەوە.

ئیبراھیم ئەحمەد بەڕێوەبەری کەلەپوری کوردو وتەبێژی لیژنەی باڵای یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز بە ماڵپەڕیSNNی وتووە "لیژنەی باڵای یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز لەئەمساڵدا کە لەچەند بەڕێوەبەرایەتییەک و کۆمەڵەی کەلەپوری و فۆلکۆری کورد پێکھاتووە کۆبوونەتەوە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ جەژنی نەورۆز".

وتەبێژەکەی لیژنەی یادکردنەوەی نەورۆز وتوشییەتی "لەکۆبوونەوەکەدا قسە لەسەرئەوەکراوە جیاواز لەساڵانی پێشووتر سەرجەم مەراسیمەکان بەگشتی ببرێتە مامەیارە و ھاوڵاتیان بەجلوبەرگی کوردیەوە لەبەیانییەوە بێنە مامەیارەو خواردنی کوردی دروست بکرێت و خەڵک لە شەقامی سالم و سەھۆڵەکە دوورکەوێتەوە".

ڕاشیگیاندووە، فرۆکەوانی سلێمانی و پەرەشووت بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا نمایشان دەکات لەچوارچێوەی چالاکییەکاندا.

ئیبراھیم ئەحمەد وتوشییەتی"ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا باسلەوەکراوە کە لەجەژنی نەورۆزدا دەیانەوێت ئەوە بکرێتە نەریت کە ھەرساڵە و کەسێک ھەڵبژێرن و پەیکەری بۆ دروست بکەن، بۆ ئەمساڵیش کەسایەتی پیرەمێردی شاعیر دیاریکراوە کە بەقەبارەی ٢٥ بۆ ٣٠ سانتیم پەیکەری بۆ دروست دەکرێت و دەبەخشرێتە میوانەکان".



PM:08:08:04/02/2017