ئامادەكارییەكانی یادی نەورۆز لەسلێمانی راگەیەنرا

لیژنەی ئەمنی پارێزگای‌ سلێمانی ئاماده‌كارییه‌كانی‌ بۆ رۆژانی‌ نه‌ورۆز راگه‌یاندو بڕیاریدا لە چەند شوێنێك ئاهەنگ و مەراسیم بەڕێوەدەچێت.

ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا تاوتوێكرا كه‌ ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ سلێمانی‌ بە بەشداری پارێزگار و قایمقامی سلێمانی ئه‌نجامیدا، به‌پێی پێگه‌ی‌ فه‌رمی‌ قایمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌.

سەردار قادر لە بری پارێزگاری سلێمانی دوای‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند "بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆزو ساڵی نوێی كوردی ئامادەكاری پێویست كراوەو ئێوارەی رۆژی 20 مانگ لە گردی مامەیارە لە سلێمانی  رێوڕەسمەكە دەستپێدەكات و هەمان كات لە شەقامی سالم ئاگری نەورۆز چەند چالاكییەك بەڕێوەدەچێت".

وتیشی‌ كه‌ بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی ئەو كەسانەی بەشداری لە رێوڕەسمەكاندا دەكەن لە هەموو روویەكەوە لیژنەی ئەمنی سلێمانی ئامادەكاری پێویستی كردووە.

سەردار قادر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و تیمەكانی تەندروستی بەبەردەوامی لە ئەركدا دەبن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن بەبێ هیچ گرفتێك بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزدا بكەن.



PM:05:06:16/03/2017