ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە وتاری ئەم هەفتەیەیدا باس لە ژن و مێردێک
دەکات کە پیاوەکە کەوتووەتە خۆشەویستی کچێکی دیکەوە.
ژیلەمۆ نوسیویەتی "ژنێك دەستی منداڵە بچووكەكەی گرتبوو، بە پەلە خۆی بە
بەڕێوەبەرایەتییەكەماندا كرد و هاواری كرد فریام بكەون مێردەكەم هەڕەشەم لێدەكات،
بەدوامدا دەگەڕێت و بمدۆزێتەوە دەمكوژێ، خێرا چارەیەكم لێ بكەن،
دوای ئەوەی ناونیشان و ژمارە تەلەفۆنی
مێردەكەی وەرگیرا، دەستبەجێ پەیوەندیی پێوەكرا كە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان
بكات، بۆ ئەوەی بزانین كێشەكەیان چییە. زۆری نەبرد پیاوەكە هات و لێمان پرسی بۆچی
هەڕەشەی كوشتن لە ژنەكەت دەكەی؟ داماوە چی كردووە؟ پیاوەكە بە تووڕەییەوە گوتی
ئەگەر دەزانن چ هەرایەكی ناوەتەوە و چۆن ژیانی منی خستووەتە مەترسییەوە، ئەوە قەت
دەستم ناگرن لەوەی هەرچییەكی بەسەربێنم".
هەر لەو وتارەدا ژیلەمۆ بەردەوام دەبێت لە
گێڕانەوەی چیرۆکەکە و نوسیویەتی "ژنەكە هەر دەیگوت من هیچ سكاڵایەكم نییە،
تەنیا دەمەوێ بەڵێننامەیەكی پێ پڕبكەنەوە و ژیانی خۆم و منداڵەكەم پارێزراو بێت،لە پیاوەكەمان پرسی كێشەت لەگەڵ ژنەكەت چییە؟ گوتی من و ئەو ژنە كێشەیەكی
ئەوتۆمان نەبوو، كاتی خۆی بێنەوبەردەیەكی زۆرم كرد هەتا كەسوكاری رازی بوون بۆ یەك
ببین. ئێستاش هیچ كێشەمان نییە، بەڵام من كچێكم خۆشدەوێ و دەمەوێ بیخوازم.
هاوژینەكەم بە پەیوەندییەكەی زانی، منیش نەمتوانی نكۆڵی لێبكەم و گوتم بەڵێ
راستە، پەیوەندیم هەیە و دەمەوێ بیخوازم، ئەویش یەكسەر هەڕەشەی لێكردم و گوتی
سكاڵاتان لەسەر تۆمار دەكەم، منیش بێمنەتم كرد و گوتم ئارەزووی خۆتە، من ناتوام
دەست لە خۆشەویستەكەم هەڵبگرم، بەڵام ئەو سكاڵای تۆمار نەكرد، یەكسەر تۆرا و
چووەوە ماڵی باوكی. ماوەیەكی زۆر لەوێ مایەوە، ئەو ماوەیە هیچ پەیوەندیمان نەبوو."
ئەو پیاوە وتوویەتی تاوەكوو رۆژێكیان
پەیوەندیی پێوەكردم و گوتی دەگەڕێمەوە لات، منیش گوتم بەخێربێیتەوە، بەڵام لەوە
دڵنیابە من واز لەو كچە ناهێنم. هەرچەندە دایكی ئامۆژگاری كرد كە نەگەڕێتەوە و لێم
جیاببێتەوە، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی بگەڕێتەوە. خۆزگە رێگەم نەدابا
بگەڕێتەوە، خەریك بوو بە كوشتنم بدات. بەبێ ئەوەی ئاگام لێ بێت، چووەتە سەر ماڵی
باوكی ئەو كچە و هەڕەشەی لە كچەكە كردووە كە واز لە من بهێنێ، لە كاتێكدا
كەسوكاری كچەكە كەسیان بەو پەیوەندییەیان نەزانیوە، ئێستا كەسوكاری كچەكە بەدوامدا
دەگەڕێن و دڵنیام بمدۆزنەوە دەمكوژن.
پیاوەکە وتویەتی "ئێستا لەبەرچاوی ئێوە
بەڵێن دەدەم كە لە ئێستاوە هیچ پەیوەندییەكم بەو ژنەوە نەماوە، نەك هەر هەڕەشەی
لێناكەم، بەڵكو بەرلەوەی بێمە لای ئێوە لەلای پارێزەرێك و بە ئامادەبوونی دوو
شایەت تەڵاقم داوە. ئێستا لە خەمی ئەوەدام كە چۆن كێشەكەی خۆم چارەسەر بكەم"
ژیلەمۆ دەڵێت ئەو ژن و پیاوە هەردووكیان
رێگەیەكی هەڵەیان هەڵبژاردووە. پیاوەكە مادام بەنیازی هێنانی ئەو كچە بووە،
دەبووایە بەرلەوەی ژنەكەی بە پەیوەندییەكەی بزانێت، پێی بڵێت و هۆكاری
پەیوەندییەكە و هێنانی ئەو كچەی بۆ روونبكاتەوە، هەروەها ئافرەتەكەش كاتێك بە
پەیوەندییەكەی زانیوە، نەدەبووایە هەڵبچێ و دەیتوانی پەنا بۆ یاسا ببات، یان
قەناعەت بە پیاوەكەی بهێنێ كە واز لەو كچە بهێنێ. ئەگەر هاوژینەكەی هەر
سووربووایە لەسەر هێنانی كچەكە، ئەوە دەیتوانی پەنا بۆ یاسا ببات و لە حاڵەتی
ئەوەی هاوژینەكەی كچەكەی خواستبا سكاڵای لەسەر تۆمار كردبا، چونكە بەپێی یاسا
هێنانی ژنی دووەم زۆر سنووردار كراوە و ئەگەر پیاوەكە بیانوویەكی قەناعەتپێكەری
نەبێ، ئەوا لەسەر ئەو كارەی دەخرێتە زیندانەوە.