وەفدەکەی ئەوروپا مژدەیەک بە هاوڵاتیانی هەرێم ڕادەگەیەنێت

وەفدی باڵای ڕیفراندۆم سەردانەکەیان بە ئیجابی وەسف دەکەن و مژدەش دەدەنە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

سەردانی وەفدی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ پەرلەمانی ئەوروپا کۆتاییھات، لەوبارەیەوە محەمەد سەعدەدین سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان و ئەندامی وەفدی ڕیفراندۆم بەSNNی ڕاگەیاندووە "لەگەڵ حکومەتی بەلژیکیا کۆبونەوەمان ئەنجامداو پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕی، جگە لەوەش لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمەکانی ئەو وڵاتە گفتوگۆمان کردو پێیانڕاگەیاندین ڕێز لەدەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم دەگرن و نوێنەریش بۆ چاودێری پرۆسەکە ڕەوانە دەکەن".

وتیشی:"لەگەڵ فراکسیۆنەکانی یەکێتی ئەوروپا کە نوێنەرایەتی ھەریەک لەوڵاتێک دەکەن، بەتایبەت پۆڵەنداو فەرەنساو ئەڵمانیا گفتوگۆمانکردو پێیانڕاگەیاندین، بەئیجابی تەماشای ڕیفراندۆم دەکەن و ڕێز لەخەڵکی کوردستان دەگرن، سەرجەمیشیان باسی ئەوەیانکرد چاودێری ڕیفراندۆمەکە دەکەن".

سەبارەت بەوادەی کۆتاییھاتنی سەردانەکەشیان، کە ڕۆژی نۆی ئەم مانگە گەیشتنە برۆکسل، محەمەد سەعدەدین ئاماژەی بەوەدا، "ئەمڕۆ گەشتەکەمان بۆ برۆکسل کۆتاییھات، بەمژدەیەکەوە دەگەڕێینەوە، چونکە یەکێتی ئەوروپا گڵۆپی سەوزی بۆ ھەڵکردوین، لەکاتی گەڕانەوەشمان بۆ کوردستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی یاخود لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە مژدەکە بەخەڵکی کوردستان دەدەین".

سەبارەت بەھەنگاوی دوەمی لیژنەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ئەو ئەندامەی لیژنەی ڕیفراندۆم ئاشکرایکرد، "ھەنگاوی دوەممان گفتوگۆکردن دەبێت لەگەڵ بەغدا، دوای ئەوەش لیژنەی فەرعی بۆ سەردانیکردنی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی کەنداو پێکدەھێندرێت".



PM:12:47:12/07/2017