عەبادی داوایەک ئاراستەی هاوڵاتیانی هەرێم دەکات


جارێكی دیكە سەرۆك وەزیرانی عیراق هۆشداری لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت "پرۆسەكە زۆر مەترسیدارەو كێشەی نوێ دەخولقێنێت.

ئاژانسی هەواڵی روسیا تودەی، بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ 1ی ئاب، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدێكی راگەیاندنی ئێراندا، رایگەیاندووە "ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانی عیراق ئەوپەڕی مەترسیدارەو سەرباری ئەوەی هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی نییە،  كێشەی نوێش دەخولقێنێت".

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، عەبادی تەئكیدی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە سەرجەم لایەنە عیراقییەكان رێز لەكورد دەگرن، راشیگەیاندووە هەر هەنگاوێكی نوێ پێویستە لەچوارچێوەی دەستووری عیراقیدا بێت، بەوپێیەی پەیماننامەیەكی نیشتمانییە بۆ هەموولایەك.

عەبادی ئاماژەی بەوەشكردووە، كە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی كورد لەوەدایە، لەگەڵ عیراقدا بمێننەوەو بیر لەجیابوونەوە نەكەنەوە.



PM:07:56:01/08/2017