لە سبەینێوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییە ڕادەگیرێن

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایگەیاند لە سبەینێ هەینییەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە ڕادەگیرێن.

تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە كاتژمێر ٦ی ئێوارەی سبەینێ هەینییەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە ڕادەگیرێن.

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئاشكراشیكردووە ڕاگرتنی گەشتەكانی بەهۆی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوەیە.

بەپێی زاتنیاریەكان ڕاگرتنی گەشتەكان فرۆكەیخانەی سلێمانیش دەگرێتەوە و لە سبەینێوە گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان لە فڕۆكەخانەی سلێمانیش ڕادەگیرێن.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "ئەگەر تا سێ ڕۆژی تر گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەكانی هەرێم نەخرێتە ژێر كۆنترۆڵی بەغداوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەو فڕۆكەخانانە قەدەغە دەكرێت."




PM:01:14:28/09/2017